Alternate Text

مەسەلە ئەجیندایە نەک جیاوازی ڕا

ستران عەبدوڵا‌ 23/03/2021

ناکۆکی لە کوردستان ناکۆکی نییە لەسەر بیروڕا و ئاراستەی بیرکردنەوە. ناکۆکی نۆرماڵی فرە حزبی و ململانێی تێزە جیاجیاکان نییە تا دیوی تەندروستی ئەم فرەیی و دیموکراتییە بەسەر دیوە خراپەکانی بەریەککەوتن زاڵ بکەین . ناکۆکی لە کوردستان ناکۆکی قووڵە لەسەر ئەجیندا و سیاسەتەکان. لەسەر ئامانجەکانی دوور مەودا کە ئەم وڵاتە رزگار دەکات یان بە بندەستی شلۆق دەیهێڵێتەوە؟! .

ناکۆکییە لەسەر رێگای چارەسەری مەسەلەی کوردستان و قۆناغبەندکردنی ئەو چارەسەرییە. پێویستیش ناکات بڵێن ئەلیف ڕاستە و بێ هەڵەیە و جیم دەیباتەوە. با ئەلف و بێ و جیمەکان لە مەنگەنەی پێوەرەکانی بەرژوەندەی کوردستان بدەین و بە بست و ئینج بیپێوێن و بزانین کێ قسوری لە کوێ و کێ نکۆڵی لە چی دەکات؟ کتێبی کوردایەتی ئاسان بە قنجی و جوانی شەرحی ئەمانەی کردووە، ئیتر چ پێویست دەکات تەمبەڵ بە قۆپییەوە بگیرێ و لاسار فێڵ لە رەفیقەکانی پۆلەکەی بکات؟

حەکیم کە نەخۆشی و دەردمان تیمار دەکات لە پێشا پشکنین دەبێتە رێنوێن ، ئینجا رەچەتە دەنوسێ و تەبڵەیەکیش بۆ دکتۆرەکانی دوای خۆی جێدێڵێ تا کەس لە سفرەوە دەست پێنەکاتەوە.دەرمان دوایی دەخورێ و موزاعەفاتیش دواتر چارە دەبن.

حاڵی بوون بۆچی هەندێک دیالۆگ لە ناوەرۆکی رۆمانی قەدیمی نەجیب مەحفوز، (زۆربڵێی لە سەرروباری نیل )دەچێ ؟! چونکە هەر دیالۆگی بێ بەر و جەدەلی بێزەنتییە کە رۆمای پێ رزگار ناکرێ و گەلی داماوی پێ غافلگیر دەکرێت.