Alternate Text

ویستی گەل لە شوێنێک و کەینوبەینی ئێوە لە شوێنێکی تر

ستران عەبدوڵا‌ 23/03/2021

میوانی سیتۆدێۆ و کەڤگیر بە دەستی بەرنامە چونکە لە پەخشی راستەوخۆیا بوون، شانیان دابووەبەر و لەهەوای خۆیانا بوون. ئەیانگوت کەرکوک بە ماددەی ١٤٠ چارە دەبێ، نەک بە پارێزگارێکی کورد، ئەیانگوت ئاڵای کوردستانی تیا نەبێ تامی تیا نییە و گوایە هەموو پۆستەکانی کورد دراون بە خەرجی پۆستی پارێزگار کە ( ئەوە ناهێنێ) ئیتر زۆریان فەرموو ، کەمیان ویژدان خستەکار. ترێکە ترشە و تامی نییە چونکە دەستی خۆیانی پێنەگەیشت، وەک چۆن دەیانگوت پۆستی سەرکۆمار تەشریفاتییە چونکە خۆیان تەشریفیان تیا نەفەرموو.
ئەو بەرنامە یەک لە سەدان بەرنامەی میدیاییە کە بە سەد بەرنامەی پەیج و ئەکاونت و تیکتۆک دەورە دروان تا بڵێن کورد و یەکێتیی لە کەرکوک دۆڕان و ئەوەی هەیە ئەوە نییە کە دەبوا هەبێت.
تەبعەن باشی و چاکی ئەم گەلە سەربەرزەی کورد ئەوەیە بە پێی بەرنامەی تەلەفزێۆنی سەپۆرتکراو بڕیار نادات ، بەڵکو بە پێی بەرنامەی کوردایەتی سەحی لێ دەدات. بۆیە جەماعەت لە دەنگدان لێیان قەوما و ئیتر دەنگە دەنگی پاش سەرکەوتنی گەورەی کەرکوک دادیان نادات.
ئاخر مام جەلال گوتەنی (خوشکۆڵە) و براکەم ، خەڵک پانۆرامای رووداوەکانی شەڕی داعشی لە بیرە کە ئێوە گوتتان و جاڕتان دا ئیتر دەوڵەتی داعش کەوتۆتە نێوان کوردستان و بەغدا ، ئیتر پێویست بە زەحمەتی حکومەتی عێراق ناکات چونکە ئەوە داعش خۆی ماددەی ١٤٠ی جێبەجێ کرد. کە پۆتان دەرکەوت داعش ئیشی بە ١٤٠ و دەستوور نییە، کاری تەنها تیرۆر و پەلاماردانە، ئینجا چوونەوە سەر درامای عیراق ١٤٠ ی فەرامۆش کردووە.
بەڕاستی ڕاستە عیراق فەرامۆشی کردووە و ئێوەش بە کردەوە باوەشێنی ئەو فەرامۆشییە دەکەن.
حەوت ساڵ پارێزگارتان کردە عەرەبی وەکالەت بەس بۆ ئەوەی کورد و یەکێتیی ئەم پۆستە وەرنەگرێتەوە، دوایی کە ساڵی ٢٠٢٣ دیموکراسیی و هەڵبژاردن یەکێتیی پایەدار کردەوە گەرەکتان بوو هەر کابرای بە وەکالەت لە پارێزگا بمێنێتەوە، بەس قەینا با کوردێکی سەوزی تیا نەبێ .
ئاڵای چی و ماددەی ١٤٠ ی چی ؟ ئەو ناونیشانانە هی یاسا و سەروەری و دەوڵەتدارییە، ئێ ئێوەش حەزتان لێ نییە کەرکوک بەو بەها بە نرخ و جوانانە شاد و شوکر بێتەوە.
چەند ساڵە دۆزی کەرکوک و داوای رەوای کوردی شارەکەتان پەک و دوا خستووە ، پێتان وابوو میللەت باوەڕتان پێ دەکات کە بە (خەنجەر)لە شمشێری تەعریب دەبەنەوە؟! پێتان وابوو بە ڕاکان جبوری ئاڵای کوردستان لە چەقی قەڵادا هەڵدەکەن؟!
شتی وا نەک لە قوڵایی کتێبەکانی مێژوو دا نەهاتووە و تۆمار نەکراوە، بەڵکو لە کتێبە مەدرەسییەکانی کە بە قازانجی دید و گێڕانەوەی تەسکی حزبایەتی خۆتان دیزاینتان کردووە، جێی نەبۆتەوە و باسیان نەکراوە.
ئاخر دەستوور و ئاڵا و کوردایەتی چۆن بە شەڕکردن لەگەڵ دەنگ و سەنگ و ئیرادەی میللەتەکەمان جێبەجێ دەکرێت؟ ماددەی ١٤٠ چۆن بە گەمارۆدانی ئیرادە و ویستی هاوڵاتی کەرکوک کە ماددە و کەرەستەی کوردایەتین ، جێبەجێ دەکرێت؟
ویستی گەلەکەمان لە شوێنێکە و کەینوبەینی ئێوە لە شوێنێکی ترە، بۆیە وا لێتان شێواوە. ئیتر ئەمە مەتەڵ و ماتماتێکی ناوێت.