(شەوانی تەنیایی) و کۆشی ئارام
ستران عەبدوڵا 23/03/2021
(لە کۆشی ئارامەوە بۆ نەفرین) پەیامی تەمەن و ئەزموونی شیعری مامۆستای کۆچکروو سەعدوڵلا پەرۆشە..بەچاپێکی جوان و راقییەوە کە شایانی سەنگ و ناوی پەرۆشە کەوتە بەر دیدی خوێنەران.
بەگەنجێتی لە کتێبخانەی ماڵەوە دیوانی (شەوانی تەنیایی) یەک لەو بەرهەمانە بوو بۆ بەزینی تەعریب و فێربوونی کوردی خوێندن لە شاری ئارابخای دێریندا ، لەگەڵ چەند دیوانێکی تر ، هەمیشە هەڵگێر و وەرگێرم پێدەکرد.تا کوردی جوان بنادم و خەیاڵی فەرهەنگی بەرز فێر بم .
لە تاڵانی و سوتاندنی کتێبخانەکەم لە گەڕانەوەی سوپای بەعس بۆ کەرکوک ئەم دیوانە و چەند کتێبی تر ما و سەلامەت دەرچوو ، لەگەڵ خۆم سەفەری کرد بۆ پایتەختی کوردستان .
لە کوردستانی نوێی خولی هەولێر. ژوورەکەم بە تەنیشت ژووری مامۆستایانی بەرێزی ئەدەب و فەرهەنگ : خۆشەویستان ؛ موکری و پەرۆش و دەشتییەوە بوو . بە درەنگەوە ئیمزای مامۆستا پەرۆشم لەسەر (شەوانی تەنیایی ) خستە سەر نوسخەکەی خۆم.
رۆژنامەمان هەشت لاپەڕە بوو . هەر لاپەڕە ژوورێکی بوو ، بۆیە ژووری پایەدارانی ئەدەبمان ناو نا (لاپەڕە نۆ) چونکە لە شاخ و شۆرشی نوێش ژووریان (کەرتی چا) بوو . ئەهلی ئەدەب و قەڵەم لە کام ژوور و لەکام کەرت بن ، هەر بۆنی خۆش و بەرەکەت و ئاوەدانین.
پشتی چەند ساڵ و چەند بەسەرهات ، بەیادی ئەو رۆژانەوە، خۆشەویستانی ناوەندی راگەیاندنی یەکێتیی لە هەولێر ساڵۆنی جاویدانی خۆیان ناو نا( ساڵۆنی لاپەڕە نۆ ).
یەکەمجار کە کۆبەرهەمەکەم سەیر کرد بە دوای بەشی (شەوانی تەنیایی)دا گەڕام کە ئیلهامی ئەم کورتە رازە بوو. سوپاسی خانەوادەی مامۆستا سەعدوڵلا پەرۆش دەکەم کە (لە کۆشی ئارامەوە بۆ فڕین) یان کردە خەڵاتم.
یادی مامۆستا پەرۆش زیندوو و نەمر بێت .
ئەدەب و شیعری کوردی هەر گەشاوە و ئاوەدان بێت .
ستران عەبدوڵلا