Alternate Text

خۆیان بڕیارە دروستەکە دەدەن

ستران عەبدوڵا‌ 23/03/2021

پێش هەموو شتێک خاوەندارێتی لە ئازار و خەمی خەڵکەکەی خۆمان بکەین، سۆزمان بۆیان هەبێت و پەژارە بە روومانەوە دیار بێت کە ئێمە ئەم کۆستەمان پێ ناخۆشە و پێی قەڵس و شڵەژاوین، ئیتر دوای ئەوە یەکبوون و یەکێتی وتەکبیری هاوبەش لێی ئاسانتر نییە.

تۆ بە سۆرانی پاک و بێگەرد و بە ئیسلامەتی و بە کوردایەتی بیڵێ کە خەفەتبارم، بڵێ خوا و دین و ئایەتی خەڵک و خاک ئەم زوڵمەی پێ قووت نادرێت... وای بڵێ ئیتر ئەو دوای بۆ ئێزدی بەلەنگاز و لێقەوماو بەجێبێڵە خۆی دەتناسێتەوە، دەزانێت لە دڵەوە دەدوێیت یان گەمەی زمانی لەگەڵ دەکەیت؟ تۆ لە رەگەوە ئاهێک بۆ لەدەستدانی کچ و ژن و خوشکی ئێزدی هەڵکێشە ئەو خۆی رۆحی خۆی بۆ خێزانە گەورەکەی کوردستان هەڵدەکێشێت.

تۆ عاشقێکی راستگۆ و فیداکار بە و چیتر چاوەرێی پاداشت و خەڵات مەبە خۆی قیبلە و کۆمبەسی راستی دەزانێت چونکە (عاشقان لە دوورڕا دیارن، رەنگیان زەرد و لێوبەبارن) چوارینە راستی و لە دڵەوە بەسە بۆ راز و نیاز و لەسەت شانامەی درۆیینە کاری ترە، کابرای ئێزدی خۆی لە قەفقاسیا تا قلیاسان لێت دەگەڕێت و تۆ دەدۆزێتەوە. ئەو حیکایەتانە کەم و دەگمەنن کە عاشقەکان ئاگایان لێک نەبێت و هەمیشە گوتراوە دڵ ئاوێنەی دڵە.

تۆش برای قەومەچی و عیراقچی و کەڵەکچی زۆر باوەشی ئەزێتدانی پێدا مەکە بەناوی پەرۆشی و بە جۆشی، وازی لێ بێنە خۆی بڕیارە راستەکە دەدات. کەس هەیە لە خەڵک و خەڵک و خوای خۆی تەوەللا بێت کە باوەشی میهر و دڵنیایی بانگی بکات؟

برا گیان تۆ موڵک و ماڵ و زەوی تاڵان مەبە و ئاو وپاوانی قۆرخ مەکە، ئیتر خۆی کوردی ئەسڵ و رەسەنە، برام تۆ کۆسەکۆسەی لێ مەکە و مەقەڕ و مەرجەعی خۆتی بەسەردا مەسەپێنە ئەو خۆی دەزانێت کوردە و کرمانجە و هاوکوردستانە و هاوچارەنووسی رەش و گەشە.

یانی ئێزدی لە بەڵەکچار و ئێریڤان خەبەر ددا و لە رێیا تازە دەنووسێت و لە ناو ئیمپراتۆریای بەلشەفی و مەسقۆفی بێگانەدا دەڵێ ئەز کوردم و رۆمان دەنووسێت و ئەلفابێتا دادەهێنێت و دیوانان بە کوردی چاپ دەکات کەچی لە ئاخری تەمەندا لە شەنگال، لە پەنا کوردستانیی رزگار گوێی خۆی کەڕ دەکا و بانگەوازی نیشتمان نابیستێت؟

یەعنی قەوم و قیلەی (شڤانی کورد) سەیدا عەرەبی شەمۆ و (هاوار)ی مامۆستا حەجێی جوندی و (دەزانم کوردستان چێ دەبێ)ی عەسکەر بیوک هەروا فشە و سوعبەت بووە؟

کۆی بەرهەمە فولکلۆرییەکانی کە جەمیلە جەلیل نۆتەی بۆ داناون، دەریدەخات نەخێر ئێزدییەکان بە جدییان بووە. با ئێمەش تۆزێک بە جدییمان بێت.