Alternate Text

ئایا ئەوە جەنگی عەرەب ــ ئیسرائیلە؟

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد‌ 23/03/2021

ئایا ئەوە جەنگی عەرەب ــ ئیسرائیلە؟

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، دەڵێم نەخێر، ئیدی شتێک نەماوە بەناوی جەنگی عەرەب ــ ئیسرائیل، چەمکی (عەرەب) چەمکێکی کۆیە دژی تاکێک، دەتوانین بڵێین لە 1948 و دواتر 1967وە تاکو سەرەتاکانی ئەم سەدەیە بڕیکرد و ئیدی ئەم گوتارە تێکشکا کە هەموو تاکێکی عەرەب هەڵیگرتبوو لە بەرامبەر ئیسرائیلدا. لە دوو دەیەی رابردووشدا تاکە دەنگێکی روون و رەوان هەبووبێت دژی ئیسرائیل، دەوڵەتی ئێرانی فارسی ــ شیعی بووە کە هیچ پێچوپلوچێکی نەخستۆتە دژایەتییەکانییەوە بۆ ئیسرائیل، تەنانەت هیچ وڵاتێکی عەرەبی نەچۆتە بەرەی ئێرانیش دژی ئیسرائیل.

تێکشکاندنی گوتاری دژایەتی (عەرەب) بۆ ئیسرائیل، لە چەند خاڵێکدا دەبینمەوە، کە ئەوانیش بریتین لە:

یەکەم- سێکسەکەی تسیبی لیڤینی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ سەرکردە عەرەبەکاندا، ئەم کردە ئیستیخباراتییەی لڤینی کە بەکارهێنانی جەستەی بوو لەپێناو وڵاتەکەیدا لەگەڵ چەندان سەرکردەی عەرەب و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەیەکی بەناوبانگی وەک (تایمز)دا و دواتر بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرانۆت)دا کە ئاماژە بە ناوی دوو سەرکردەی دیاری فەلەستینیش دەکات، ئیدی لێدانێکی کەمەرشکێن بوو بۆ بێدەنگکردنی زۆرێکی ئەو سەرکردە عەرەبانەی دژی ئیسرائیل بوون و وتاری ئوممەی عەرەبییان هەڵگرتبوو.

دووەم- ئاساییکردنەوەی پەیوەندی چەند وڵاتێکی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمە بووەهۆی ئەوەی گوتاری عەرەبی دژی ئیسرائیل هەم پەرت ببێت و هەم نەرم و لاوازیش ببێت، ئیسرائیل زۆر لێزانانە توانی کۆتایی بە چەمکی ئوممەی عەرەبی بهێنێت لەناو ئەو دۆخەی شەڕدا کە تێیکەوتبوو. ساڵی 2020 ، ماڵپەری (وەئیلا)ی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، بە پێی ئەو زانیاریانەی لە چەندین سەرچاوەیەکەوە دەستیكەوتووە، ماوەی 12 ساڵ بووە (واتە لە 2008وە) باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە شاری مەنامەی پایتەختی بەحرەین كراوەتەوە، ئەوەش بەپێی رێكکەوتنێكی نهێنی ئیمزاكراوە لەنێوان (تسیبی لیڤنی ــ کە ئەوکات وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بووە) لەگەڵ هاوتا بەحرەینییەکەی بەناوی (خالید ئەحمەد ئال خەلیفە).

سێیەم- نزیکبوونەوەی سعودیە لە ئیسرائیل، رەنگە زۆر کەس دواین دیداری محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیەی بینیبێت لەگەڵ کەناڵی (fox News)، لەم دیدارەدا بن سەلمان نەیشاردەوە رۆژ لەدوای رۆژ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە، ئەمەش واتە بێدەنگبوون لە پرسی فەلەستین و دەرچوون لە پێڕی یەک گوتاری بەناوی عەرەبی و پشتیوانی لە فەلەستین. لە 2020دا کە دۆناڵد ترامپ دەیویست بابەتی (سەوداومامەڵەی سەدە) بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمریکییەکان لە رێگەی (محەمەد بن سەلمان)ی شازادەی جێنشینی سعودیەوە پرۆپۆزەڵی پرۆژەكەی بە بەڕێوەبەری كاروباری ئەمنی فەلەستین «ماجد فەرەج»دا نارد بۆ (مەحمود عەباس)، لەبەرامبەردا (عەباس) ئامادەنەبووە تەنها نامەكەیش بكاتەوە، بۆیە بەهەمان شێوە نامەكەی گەڕاندۆتەوە بۆ محەمەد بن سەلمان.

لێرەوە تێدەگەین، ئیسرائیل جیاواز لەجاران ئێستا خۆڕاتەکاندنێکی کردووە و لەچەقبەستوویی و گۆشەگیری هاتۆتەدەرەوە و لەکاتێکدا شەڕی فەلەستینییەکان دەکات، هاوکات شەڕی کرانەوەی زیاتریش دەکات لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا و بەتەواوی وتاری عەرەبی لەدژی هێرش و پەلامارەکانی بۆسەر غەزە و فەلەستین نەرمکردۆتەوە یان هەر نەیهێشتووە، وڵاتانی عەرەبیش چ لەسەر ئاستی لۆجستی و ماددی و مەعنەوی نەچوونەتە بەرەی فەلەستین تاکو ئەم گوتارە عەرەبییە باڵایە دژی ئیسرائیل دنە پێبدەنەوە.