ئیتر گەل لە رۆژی
١٠-ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ قسەی خۆی دەکات و پێویستی بە قەرەباڵەغی لێدوان و لێدان و مەزەندە
و تەخمین و فاڵگرتنەوە نییەو ناکات. هەر لە رێوە ئەفسانەی ترساندنی خەڵک لە هەڵوەشاندنەوەی
قەوارەی هەرێم پوچەڵ دەبێتەوە، چونکە هەڵبژادنەکە
بۆ هەموو هەرێمە.
ئیتر جارێکی تر دیموکراسی و نەتەوایەتی، ئازادی و کوردایەتی
تێکەڵ دەبنەوە و کەسیان لەسەر کەسیان و هیچیان
لەسەر ئەویتریان پەک ناخرێت.
ماوەتەوە سەر میللەت خۆی چی دەکات؟
دەتوانێ هەرێمی دووەم دروست بکات و کۆتایی بە (پێم وایە و لەوانەیە بهێنێت) .
جا تەبعەن هەرێمی دووەم ناکاتە (دوو هەرێم) وەکو هەندێک
بە زەبر و زبری، بە بەشینەوەی تۆمەت و تەخوین و تەوهین وێنای هەر نوێبوونەوە و نوێخوازییەک
لە کوردستان دەکەن. هەرێمی دووەم واتا قۆناغی دووەم لە ئەزموونی کوردستان دوای ٣٣
ساڵ لە راپەرین(١٩٩١-٢٠٢٤) .
هەرێمی دووەم دوو کەرت کردنە ، بەڵام کەرتکردنی زەمەن، نەک
کەرتکردنی زەمینی وڵات ، کەرتکردنی مێژووە نەک کەرتکردنی جوگرافیا . یانی قۆناغێکی
نوێ لە یەک کوردستان کە دەتوانێ چانسێکی نوێ بێت بۆ گرێدانەوەی رابردوومان، بە باشییەکانییەوە،
لەگەڵ داهاتوومان، بە چانسەکانییەوە.
هەرێمی دووەم واتا لە قاودانی خراپییەکانی رابردوو کە هیچ
ئەزموونێکی مرۆیی هیچ نەتەوەیەک بێ خراپی و بێ کەماسیی نییە و ..رووکردنە چانسێکی
ترە کە ئایندەسازبێت بێ ئەوەی یادەوەری میللەتێک و رەنجی فەرهادی رابردووی دیلێت
بکات.
هەڵبژاردنی خولی نوێ بە باریکە رێی زیاتر لە سێ دەیەی سیاسەتی
کوردستانیدا تێپەڕ دەبێ و دەتوانێ ئاسۆیەکی فراوان بۆ گەلەکەمان و بۆ روانگە و میزاجی
نەوەکانی داهاتوو بە نەوە تازەکانی دەنگدان بکاتەوە.
١٠-٦ دەتوانێ ئیستحقاقی گۆڕانکاری گەورە جێبەجێ بکات بێ ئەوەی باج و
نرخی گەورەی بە ئازاری هەر گۆڕانکارییەکی پێشبینیکراوی شۆڕشگێڕی بدات. شتێکە وەک (شۆرشێکی ئاوریشمین). رێک ئەمەشە
پێی ئێژن ئاڵوگۆڕی بێ وەی و بێمەزەڕەت. کاژی وەرزی رابردوو فرێدەدا و نوێدەبێتەوە.
بە یاسا و دەستور و دەنگدانی شێنەیی کورستان و کوردستانییەکان
ئاشت دەکاتەوە هەڵبژاردن ، رۆژی نوێبوونەوەی بزووتنەوەی سیاسییە لە کوردستان. بەهارێکی
نوێ لە سەرەتای هاویندا.
بۆ ئێمەش وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان : حوزەیرانێکی
تازەیە.