Alternate Text

کێ خاوەنی راپەڕینە؟

شنۆ عوسمان‌ 23/03/2021

لەیەكێك لە توێژینەوەكانمدا كە هێشتا بڵاومنەکردووەتەوە، باسی ئەم مەترسییە دەكەم.

20 لەوسەرچاوانەی کە بەكارمهێناون بریتین لەیاداشت، ئەو یاداشتانەش لەلایەن چەندین کەسایەتی سیاسییەوە نووسراون و چاپکراون، ئەوان بە جیاوازی لەنێو حزبە سیاسییەکان، بۆچوونی خۆیان لەسەر ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆ خستووەتەڕوو، بەڵام ئەو ئەنجامەی من پێی گەیشتم زۆر مەترسیدارە، لەبەرئەوەی هەریەک لەو کەسانەی یاداشتەکانیان نووسیوە، بە نییەتی حزبییانە باسی راپەڕین، ئازادکردنی کەرکوک و شەڕی ناوخۆ دەکەن!

واتا، پارتییەکان پێیانوایە حزبەکەیان خاوەنی هەموو پلانێکە و یەکێتییەکانیش رایان وایە ڕاپەڕین لەلایەن ئەوانەوە کراوە و ئەو سیاسییانەش کە ئێستا گۆڕانن، خاوەندارێتی ڕاپەڕینەکە بۆ نەوشیروان مستەفا دەگەڕێننەوە، سۆسیالیستیش دەڵێت: ئێمە خاوەنی یەکەم شەهیدی ڕاپەڕینین و خاوەنە ئەسڵەکەین.

لێرەدا کێشەیەک دێتەگۆڕێ، کێ ڕاپەڕینیکرد؟ ئایا یاداشتەکان دەتوانن ببنە مێژوو؟ یاداشتی بەعسیەکان و موستەشارەکانیش باسی شۆڕش و ڕاپەڕین دەکەن؟ یاداشتەکان بێلایەن نین و ناتوانن ببنە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەو رووداوەی ژیانی میلـلەتێکی گۆڕی! ئێمە پێویستمان بە کردنەوەی سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی مێژووییە بۆ نووسینەوەی مێژوو، بە رووداوە باش و خراپ و خۆش و ناخۆشەکانەوە، چۆن گرنگە بزانین نەورۆز جەژنی کوردانە یاخود نا، بە هەمان شێوەش گرنگە بزانین، کیمیا باران، ئەنفال، ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆ بۆ؟ بەڕێوەبردنی مێژوو بەمشێوەیەی ئێستا مەترسییە بۆ ژیانی ئەم میلـلەتە، دەبێت دەزگایەکی نیشتمانی رەسمی حکومی بێلایەن هەبێت، بۆ لێکۆڵینەوە و تۆمارکردنی زانیاری و رزگارکردنی ئەم رووداوە گەورانە کە لە یاداشتی شۆڕشگێڕ و موستەشار و حزبایەتی هەن و زیاتر خۆپیاهەڵدانن.

بەڕێوەبردنی مێژوو بەمشێوازە، مەترسییەکی گەورەیە!