Alternate Text

خۆ ئامادەکردنی ژنان بۆ بەرەو هەڵکشانی تەمەن

شنۆ عوسمان‌ 23/03/2021

لەیانەیەکی وەرزشیدا گوێم لێبوو ژنە گەنجەکان باسی زیادبوونی کێش و تێکچوونی جەستەیان بەهۆی قەڵەوییەوە دەکرد، لەگەڵ ئەو بۆشاییە سۆزداری و سێکسییانەی هەیانە لەگەڵ هاوسەرەکانیان، ژنە بەتەمەنەکانیش باسی نەخۆشی و وئازارەکانی ( پشت، قاچ، جەستەیان) بۆ یەکتر دەکرد.

 ئەو دوو گروپە لە ژنان بەجیاوازی تەمەنیان کێشەکانیان جیاوازبوون لەبەر ئەوەشە کە لێکۆڵینەوەکەم لەسەر ئەو ژنانە دیاریکرد، کە دەچنە تەمەنەوە واتە بەرەو پیری هەڵدەکشێن، وەکو خۆی دەڵێت: دەمویست بەشێک لە هۆکارەکان بزانم بۆچی زۆرینەی ژنان کە تەمەنیان هەڵدەکشێت باوەڕ بەخۆبوونیان لە دەست دەدەن؟ بۆچی زۆرینەیان زۆر نەخۆشن؟ بۆچی ئێمە نایان ناسین؟

 نوسەر هیچ زیادەڕۆییەکەی نەکردووە لە گێڕانەوەی تۆمارکردنی ژیانی بەشێک لەو ژنانەی کە تەمەنیان لە پەنجاکان بەرەو سەرەوەیە، بەڵکو چووەتە ناوەرۆکی ژیانیان، لە دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە فێردەبین رۆژە رەشەکان پێش ئەوەی دەستپێبکەن پێویستیان بەوە هەیە وەک ئاوێنەیەک بێتە بەرچاومان و بیبینین.

کتێبەکەی ماری بیفیر چوار بەشە، ئاستەنگەکانی پیربوون و ئەو جیاکاریانەی بەساڵاچوون درووستی دەکات و پاراستنی پەیوەندییەکان وەک هێڵی بەرگرین لە پیری و پاداشتی پیربوون لەتەمەندا باس دەکات و رۆڵی نەوەکان لە ژیانی بەساڵاچواندا چەند بەگرنگ دەزانێت، رای وایە نەنک و باپیر زۆر باش دەتوانن بەخشندەیی و راستگۆیی فێری نەوەکان بکەن!

لەهەر چیرۆکێکیدا ماری ئازاری ژنێک باس دەکات، ئەم کتێبە پڕە لە موعاناتی مرۆیی، پڕە لە ئازارەکانی ئەو ژنانەی بەرەو هەڵکشانی تەمەن دەچن، پڕە لە هەموو جۆرەکانی خەم و کێشە و نەخۆشییەکان، پڕە لە ئازارەکانی تەنهایی، پڕە لە ئەزموون و لە دواجاریشدا هاوکاریمان دەکات و هانمان دەدات، بە گەشەپێدانی خۆمان پێش ئەوەی بگەین بەو کێشانەی تەمەن، پێمان دەڵێت چۆن خۆمانی بۆ ئامادەبکەین، بۆئەوەی چالاکیی و خۆگونجاندن و پەیوەندییەکانمان بپارێزین.

ماری باسی کۆمەڵگەی ئەمەریکی لە چاوی ئەو ژنانەوە دەکات کە بەساڵاچوون و کە چەندە جیاکاریان لەگەڵدا دەکرێت، ماری بیفیر، وەکو شارەزای بواری ئەنسرۆپۆلۆجی (زانستی رەچەڵەک ناسی) ئەم لێکۆڵینەوەی لەسەر ژنان ئەنجام داوە.

ئامانجەکەشی ژن ناسییە لە تەمەنی پیری یان بەساڵاچووندا، ڕای وایە کاتێک ژنان تەمەنیان هەڵدەکشێت گەورە دەبن لە تەمەن و رادەست بەو جیاکارییە دەبن کە رووبەڕوویان دەبێتەوە، باوەڕێکیشیان بۆ دروست دەبێت کە خەسارەتیان لێکەوتووە بەهۆی پیربوونەوە، زۆرینەی ئەم ژنانە تەندرووستیان باش نییە و خەمبارن، لەگەڵ ئەوەشدا ژنانێک هەن کە بەتەمەنیشن ودڵخۆشن.

ماری لەم کتێبەیدا گفتووگۆی بابەتی رۆشنبیری و پەرەپێدان دەکات کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە کاتی هەڵکشانی تەمەنیان، ماری پاڵپشت بە ئەزموونەکانی وەکو دەرووناسێکی شارەزا بەو ئەنجامەگەیشتووە کە دەبێت: ژنان گەشەپیدانیان بۆ بکرێت تاوەکو، وەڵامدانەوەکانیان نەرمبێت بۆ هەموو ئەو ئاستەنگیانەی لە بەساڵاچونیاندا رووبەروویان دەبێتەوە.

 ڕای وایە ئەگەر بتوانن پارێزگاری لە زیرەکیان بکەن و لەگەڵ هەست سۆزیاندا لێزانانە مامەڵە بکەن ئەوا دەتوانن بە باشی و بە خۆشی بژین و دەبێت ژنان وشەی (نا) ناتوانم لابەرن لە تێگەیشتنیاندا، ماری بیفیر وای دەبینێت، ژنان لە دوای وەستانی سوری مانگانەیانەوە حەماسەتێکیان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم قۆناغەی تەمەن، بۆیە پێویستە وەک ژن گەشە بە چەند دابوونەریتێکی تازە بدەن لەبەرئەوەی لەواقیعدا ژن هیچی لەدەست نەداوە ، بەڵکو کاتەکەی گونجاوە بۆ فێربوون.

دەبێت بیریان بێت سێکس و جوانی لە ناسنامەی ژندا هەیە، لە زۆر لە چیرۆکەکاندا هاتووە بەهۆی ئەوەی ژنان نەیان توانیوە جەستە و ماسوولکە و ئێسکەکەنیان بەهێزەوە رابگرن زۆر جار شەرمەزار دەبن ئەوەندە داوای هاوکاری لە دەوورووبەر دەکەن تەنانەت بۆ کردنەوەی سەری دەبەیەکی ئاوی خواردنەوە، بۆیە وەرزش و جوڵە بەشێکە لە چارەسەری کێشەکانی داهاتوو.

 سروشتی ژنان وایە کە لە تەمەنی (٦٥)ساڵیدان خۆیان وەک ژنەکەی تەمەنی (٣٠ ) ساڵیی دەبینن و خۆیان هەر بە سەرنج راکێشەکەی جاران دێتە بەرچاو، بەڵام کاتێک لە چاوی خەڵکی سەرشەقامەکاندا دەبینن وانییە، یەکسەر هەست بە ئازار دەکەن، هەستکردن بە لاوازبوونی گەنجێتی و سەرکەوتنی تەمەن ئەو هەستەیە کە دەست لەسەر دڵت دادەنێیت و دەبێت بریارەکە یەکلابکەیتەوە تۆ لەکوێدایت؟

ماری دەڵێت: گرنگە ژنان زۆر لەسەر دۆخی خۆیان بدوێن و هاوسۆزبن لەگەڵ یەکتری گوێ بۆ دەربڕینی موعاناتەکانی یەکتر بگرن، سلیفیا یەکێکە لەو ژنانەی ئازاری جومگەی هەیە و چارەسەریش وەرناگرێت پزیشکەکەی خانەنشین بووە و چووەتە لای پزیشکی تازە ئەویش رای سپاردووە بە خواردنی سەوزەوات.

سلیفیا دەڵێت: پزیشکە گەنجەکەم دکتۆر (بیترسۆن ) تەمەنی گەنجە سەیری کۆمپیتەرەکەی دەکرد نەک من کە قسەی بۆ کردم پێی ووتم: وەرزش بکەم، فشاری خوێن و چەورییەکانم بەرزە پێویستە شێوازی ژیانم بگۆڕم، چومەوە لای داوام لێکرد، دەرمانی ئازارشکێنم بۆ بنوسێت گووتی ئیدمان دەکەیت لەسەری بۆت نانووسم بچۆ بۆ چارەسەری سروشتی بۆ ئازار شکاندن.

سلیفیا دەڵێت: کە هاتمە دەرەوە بریارمدا چیتر ناچمەوە بۆ لای نازانێت من پارەی پێویستم نییە! نازانێت من ئاگاداری نەوەکەمم کێشەی فێربوونی هەیە! لەکۆتایدا سلیفیا وتی: ئەگەر ژیانی پزیشکەکەم وەکو من بێت ئەتوانێت وەرزش بکات؟ ئەگەر هەموو پشووەکەی لە خواردنێکدا یان لەشکۆلاتەیەکدا ببینێت ئەتوانێت وازی لێبهێنێت؟ ماری رای وایە دەبێت ژنانی بەساڵاچوو بەشداری لە رێکخراوەکانی ژنان بکەن بۆ مانەوەی ئاستی هۆشیارییان، دەست بکەین بەخوێندنەوەی کتێبی دەرونناسی، ڕۆشتن بە پێ ودانیشتن و بیرکردنەوە لەپێشینەکان ئەنجام بدەین.