لە چەند جێ ناوی تاجیکستان -م بیستووە و ناوێکە خۆش دێتە
گوێ. کۆنترینیان ئەوەیە لە(مەم وزین)ی ئەحمەدی خانیدا لە باسی بندەستی و بەدبەختی
کورددا وەک نەتەوەیەکی شەرقی ناوی ریز دەکرێ کە گوایە کوردەکە وەک وان سەردەست و سەرفراز نییە. دوایی ناوی شاعیرێکی
ئاوارەی کرماشانی، ئەبو قام لاهوتی، لەگەڵ
باسوخواسی تاجیکستان دێت.
ئەم شاعیر و مونەوەر و مێژوونووسە کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی
بیستەمدا نفوزدار و دەردەداری رووداوەکانی
مەشروتە و سەفەری جەنگاوەر سەتار خان بۆ تاران دەبێت، بەسەرهاتی زۆرە. کاک لاهوتی ئێران و قەرەباڵەغی
رووداوەکانی جێدێلێ و دەچێتە تاجیکستانی سۆڤێتی. لەوێ تۆژینەوەیەکی مێژوویی بەناوی
کورد و کوردستان لەروانگەیەکی مارکسیانە دەنووسێ کە دوایی دکتۆر جەبار قادر بە تەرجەمەیەکی
تێر و تەسەلەوە بڵاویدەکاتەوە.
تاجیکستان وەک مەفتەنی خەونەکانی ئەبو قام لاهوتی لێ دێت
.هاوڕەگی و هاوزمانی تاجیک و فارس سەرەڕای جیایی ئەلفابێتای نووسین رێگە لەبەردەم
ئەم کوردە کرماشانەیە تەخت دەکات ، گەشە لەدوای گەشە دەگاتە پلەی وەکیل وەزیری رۆشنبیری کۆماری تاجیکستانی
سۆڤێتی . مامۆستا ئەنوەر سوڵتانی لەسەر سەرگوزەشتەی
لاهوتی و شیعر و ئەدەبیاتەکانی بە زۆری فارسی و کەمی کوردییەوە. کتێبێکی هەمەلایەنە
چاپدەکات. دەگوترێ لاهوتی تەنانەت نووسەری دەقی سرودی رەسمی کۆمارەکە بووە.بەواتا
جێی متمانەی هەموان لە دوشەنبە تا مۆسکۆ.
جارێکی تر ناوی تاجیکستان لەگەڵ ناوی شاعیر و منەوەر سەدرەدین
عەینی درەوشایەوە. عەینی بەشێکە لە دونیای ئەدەبیاتی سۆڤێتی کە زوو زوو خانەی
داروغا و دارو لتەقدمی مۆسکۆ بەرهەمەکانیانی بەعەرەبی چاپدەکرد. بەم چاپ و پەخشانە
وڵاتی سۆڤێت گەرەکی بوو بڵێ میللەتانی موسڵمانی (ستانستانەکان) ، لە ئۆزبەکستان تا
تەتەرستان و کازاخستان ، داغستان تا تورکمانستان و تاجیکستان، خۆش دەژین و گەشاوەن و چێژ لە سۆشیالیستەکەی رەفیق
لەنین دەبینن و گوایە برای گیانی بە گیانی تۆلستۆی و دیستۆفسکی و گۆرکی و شۆلۆخۆفن
، ئەوەتا رەسول حەمزەتۆف و سەدرەدین عەینی
و جەنگیز ئیتماتۆف شیعر و رۆمان و داستان دەنووسن و بەسەد زمان و زاراوە ، با گشتی
بە حەرفی روسی (گریلکی ) برا گەورە بنووسرێت ، چاپ دەبێت و لێی دەرژێ . مامۆستای بەهەشتی
عەزیز گەردی کە لە هەشتاکان (داغستانی من) ی حەمزەتۆف کردە کوردییەکی وا شیرین هەبوون
سوێندیان خوارد کاکم کوردە و بە ئاوارەیی کەوتۆتە کۆماری ئۆتۆنۆمی داغستانەوە.
لە نەوەدەکانیش هات( سەدرەدین عەینی، چەند لاپەڕەیەك لە
سەربوردەی خۆم)ی لە ئینگلیزییەوە وەرگێرا. قوربان وەهەقت وا جوان لێی دواوە دەڵێی
باسی مەلایەکی بەحرکە دەکات ، نەک شاعیرێکی بوخارا و تاجیکی دوورە دەست.
بەم دوایەش لە باسی نەورۆز و ئاهەنگی بەهاردا زوو زوو کەنیشکی تاجیکی ،بە جلی ئاڵوواڵای مۆدێرنەوە ،گۆرانی دەڵێن
و (دیگەمسۆ )ی خۆمانی بەسەردا دەکەن.
وا دوو رۆژە کاک بۆکان جافی بەهرەمەندی هەڵەبجەیی لە گۆگۆڵ
و دەستەخوشکەکانی داوامان لێ دەکات ئالای تاجیکستانی سەربەخۆی دوای دەورانی سۆڤێتی بگەشێنینەوە تا ئاڵای کوردستان حەڵال و زوڵاڵ
بکەین.
تاجیکی دوورن و نیازیان خراپ نییە و زیانیان بۆ ئێمە نییە،
ئەگەر نزیکەکان هانیان نەدەن بە بیانووی حەقی موڵکیەی فیکرییەوە شکاتمان لێ بکات .
ئێوە دەڵێن چی؟