بە بەرچاوی ئەم هەموو میدیایەوە سەرخان و ژێرخانی سلێمانی تاڵان دەكرێت، هیچ میدیایەكمان نەبینی ڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاری لەسەر ئەم هەموو بێ حورمەتییە بكات كە بەرامبەر ئەم شارە دەكرێت، بەڵام چەندین مایكی میدیاكانم بینی لەبەردەم گۆرانیبێژێكی میللی لێكۆڵینەوەیان لەسەر مێژووی گۆرانی " سۆزی دڵی بێ ئاگا" دەكرد.
كاری میدیایی لە كوردستان هێندە سادە بوەتەوە شەرم لە خۆم دەكەم ماوەیەك كاری ڕۆژنامەنوسیم كردووە. میدیای سێبەری وا دامەزراوە بە پارەی خەیاڵی و كۆی كێشە بنەڕەتییەكانی ئێمە بیر خەڵك دەبەنەوە و سەرگەرمی پەخشكردنی ڕووداوی سادە و بێمانای ڕۆژن.
كاری ڕۆژنامەنوسی ئەوەندە ئاسان بووە، ڕۆژنامەنوس لەجیاتی ئەوەی ڕاپۆرتی بنكۆڵكاری بكات لەسەر ڕووداوەكان، كەچی لە پرسە و سەرقەبران پرسیار لە خاوەن قوربانی دەكەن و لێی دەپرسن "هەستت چۆنە؟"، بەس بزانم گواستنەوەی تەرمی گەنجانی خنكاو لەئاودا و وێنەی باوكێك لە كفری لەنێوان تەرمی دوو كچدا و شیوەنی ژنانی بەردەم نەخۆشخانەی توب عەدلی چ سودێكی بۆ بینەران و پەخشكردنی چ كاریگەرییەكی لەسەر ڕای گشتی هەیە؟
لە ئێستادا كۆی كایەكانی دنیای ئێمە سادە بۆتەوە. سیاسەت لە ڕیسكەوە بۆتە پاڵەوانبازی سەر شاشە و پیاوی ئاینی لە مینبەری پیرۆزی مزگەوتەوە شوێنەكەی گواستۆتەوە بۆ لایڤی شەوانە و " ئافرەتێك تەلەفۆنی بۆ كردم".
لە ئێستادا كردەی سیاسی لای هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنیش لەجیاتی بیركردنەوەی قوڵ لەوەی چی بكەن، خۆیان بۆ كێكی پەرلەمان و دەسەڵات ئامادە دەكەن و لە پەنجەرەوە تەماشای سفرەی پڕی دەسەڵات دەكەن و دەڵێن: بەسە سەرەی ئێمەیە.
ئەم سادەبوونەوەیە لە دنیای ئێمەدا زۆر بەسانایی لە میدیاكانەوە دەگوازرێنەوە و دنیای ئێمە و كێشە بنەڕەتییەكانی بیر خەڵك بردۆتەوە.
لە ئێستادا ڕۆژنامەنوس سەرگەرمی سۆزی دڵی بێ ئاگایە، بێئاگا لەوەی كە دنیای ئێمە ڕووداوگەلێك دەگوزەرێن كە بێئاگایی ئێمە لە ڕووداوە چارەنوسسازەكان بەرەو دنیایەكی تەواو تاریكمان دەبات.
عەزیز ڕەئووف