خۆی ئەسڵەن كێشەكە لەوەدا نیە تۆ پۆستت نیە، بەڵكو لەوەدایە پۆستت هەبووە و دەسەڵاتت نەبووە، خۆی ئەسڵی كێشەكە ئەوە نیە دەبیتە پارێزگار یان نا، بەڵكو كێشەكە لەوەدایە تۆ دوای نابووتكردنی پارلەمان و دەركردنی وەزیرەكانت تا ئێستاش بڕوات بەدەسەڵاتی خۆجی و پۆست و پلە ماوە.
تۆ یەك وەزیرت پارەی لەبەردەست بوو كە وەزیری دارایی بوو، سەنگەرەكەی گواستەوە، ئێ نەتزانی سیاسەت بەر لەوەی قسە بێت فكر و جیهانبینیە، سیاسەت بەر لەوەی دروشم و خۆشین و مۆركردنەوەی سەر شاشەكان بێت، پارادیمێكی نوێیە، تۆ چۆن دەتوانی بە هەمان عەقڵەتی ئەوان دەسكاری دنیا بكەی، تۆ پێش ئەوەی هەوڵ بدەی دنیا بگۆڕی دەبێت دید و تێڕوانینت بۆ سیاسەت و جیهان و ماددە و حوكمڕانی بگۆڕیت.
هاوڕێیان پۆستە باڵاكانی وەك سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانیان لێ مەحروم كردوون، پارێزگار چی لە دنیای تۆ دەگۆڕێ؟ تۆ كە نەتوانی لە سەرچاوەی كانیەكەوە كار بكەی، لە پێدەشتی خوارەوە زەوی چی دەكێڵی و چۆن دەتوانی نەمامێك ئاو بدەی؟ تۆ كۆی سامانی وڵات لە لەسەر ڕەفەیەكی بەرز بێت و دەستت پێی نەگا، لەخوارەوەی دەسەڵاتە خۆجێییەكان گڕوگاڵی چی دەكەی؟
قورعان خوێندنی پێش دەسبەكاربوون هیچ نیە جگە لە لە نمایشێكی بێ تام، ڕازیكردنی كۆی خەڵك و مامەڵەی ڕیشسپیانە هیچ نیە جگە لە دەستبەداڵی كە نەتوانی شتێك بۆ خەڵك بكەی دەتەوێت خۆت خاكی و سادە نیشان بدەی.
سیاسەت و بەڕێوەبردن هونەرە نەك قورعان خوێندن و ختوكەدانی هەستی ئاینی زۆرینەی موسوڵمانی خێر نەدیو. ، زۆرینەی وڵاتانی خۆرئاوا سێكولارن و ئەسڵەن نازانن قورعان بخوێنن كەچی دەست و داوێن پاكن و دزی لە سامانی خەڵك ناكەن.
تۆ دەبێت بەر لە هەر شت نەوەیەكی یاخی پەرورەردە بكەی بە دیدی و تێڕوانینی نوێوە، نەك وەك باوكێكی ڕەمزی نەسیحەتی مناڵە چەتونەكان بكەیت و بشتەوێت دنیای ئێمە دەسكاری بكەی، پۆستی پارێزگار چی لە دنیای ئێمە دەگۆڕێت؟ عەجیبە تۆ ئامادە نەبیت بە ئیمزای سەرۆكی ماوەبەسەرچووی هەرێم پۆستەكە وەربگریت بەڵام ئامادە بیت بە شاگردێكی بارزانی كە وەزیری ناوخۆیە پۆستی پارێزگار وەربگریت و وەك ئەوەی هەنگوین لە كلۆرە داردا دۆزیبێتەوە، بە سەروەری و دەسكەوت پیشانی بدەی.
هەی لەوە؟ خۆ بڕوایان بەم سیستەمە حوكمڕانیە ماوە، هێشتا ئامادەن لەم كەلاوەیەدا بەدەستی بەتاڵەوە دیوار دروست بكەن، بێ ئەوەی خۆت بۆ ئەوە ئامادە كردبێت ئەم كەلاوەیە ئەساسی لەسەر بنیاد نانرێت تا نەچیتە سەر عەرزی ڕەق.
پۆستی پارێزگار چی لە دنیای ئێمە دەسكاری دەكات؟ جگە لە دارتاشێك كە خەریكی دروستكردنی قاچی سناعییە بۆ جەستەی سیستەمێكی نهخۆش.