یەکەم : لەکۆتاییدا ئەوەی سەرۆکوەزیرانە توندڕەوەکەی ئیسرائیل ویستی و خەونی پێوەدەبینی، ئایەتوڵاکانی ئێران وەک دیاریەکی مێژوویی پێیانبەخشی و بە سەدان موشەکی ئیپێرسۆنیکەوە پەلاماری ئیسرائیلیاندا.
دووهەم : ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئوردن، هاوکاریی ئیسرائیلیانکرد و موشەکەکانیان تێکشکاند و تاکە ئیسرائیلیەکیش، لە تۆڵەی نەسروڵا و هەنیە و ڕەئیسدا نەکوژرا، ئەوەی کوژرا تەنها فەلەستینیەکبوو !
سێهەم : ئەوەی ئێران کردی، بەدڵنیاییەوە لای بەرەی موقاوەمەت لە عێراق و لوبنان و سوریا و یەمەن و فەلەستیندا سەرمایە ڕەمزیەکەی بەرزدەکاتەوە و میسداقیەتی پێدەبەخشێتەوە.
چوارهەم : بەڵام ئەو بژاردەیە بەهیچ شێوەیەک عەقڵانی نەبوو ! ئەمڕۆ لەگەڵ ژەنەراڵێکی ئەوروپیدا، لەسەر کەناڵێکی فەرەنسی بووم. ئەو دەیگوت : بڕیارێکی سەد لەسەد عاتیفی بووە و وادیارە ئایەتوڵاکان هیچ لەو کۆنتێکستە جیهانیە نوێیە تێنەگەیشتوون کە هاتوەتە ئاراوە.
پێنجەم : ئێران، شانسی ئەوەی لەبەردەستدابوو کە بەڕەکە لەژێرپێیی بنیامین ناتەنیاهۆ دەربێنێت و لەبری پەلاماردانێکی بێسود، بەڵام یەکجار مەترسیدار بۆ خۆی، ئەمەریکا و ئەوروپا ڕابکێشێتە سەر مێزی دانوستان و خۆی وەک هێزێکی گەورەی هاوسەنگی بەجیهان بناسێنێت و دانوستان لەسەر ڕزگارکردنی ڕژێمەکەی و دامەزارەوە ئەتۆمیەکانی بکات. بەڵام ئێران ئەمەی نەکرد !
شەشەم : ڕژێمی ئایەتوڵاکان تەواو وشیارە بەوەی کە ئەمەریکا خەون بە لەناووچوونیەوە دەبینێت، ئەوروپا خەون بە لەناوچوونیەوە دەبینێت، وڵاتانی عەرەبی خەون بە لەناوچوونیەوە دەبینن، تورکیا خەون بە لەناوچوونیەوە دەبینێت، ئیسرائیل خەون بە لەناوچوونیەوە دەبینێت و و لەوەش زیاتر گەلانی ئێران خەون بە لەناوچوونیەوە دەبینن و هەموویان بەدوای ساتەوەختێک و بیانویەکی گەورەدا دەگەڕێن بۆئەوەی بەشداری لە ئامادەکردنی هەلومەرجی لەناوچوونیدا بکەن.
حەوتەم : ئایەتوڵاکان، نەیانتوانی وەک خومەینی پەرداخە ژەهرەکە بخۆنەوە کاتێک کە دانوستانی لەگەڵ سەدام حوسەیندا هەڵبژارد و وڵاتەکەی لە کارەسات ڕزگارکرد. ئەمان بەپێچەوانەوە، کۆماری ئیسلامیان ڕوبەڕوی گەورەترین مەترسی کردوەتەوە.
هەشتەم : ئەی ئێستا ؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئایەتوڵاکان بە ئیسرائیل دەڵێن : بالێرەدا بوەستین ! ئیتر بەسەو پەلامارمانمەدە، گەرنا پەلامارتدەدەینەوە. لەڕاستیدا هاوکێشەکە بەهیچ شێوەیەک لێرەدا ڕاناوەستێت.
نۆیەم : ئیسرائیل خۆی بۆ پەلاماردانێکی یەکجار بێوێنە و بێ پێشینە ئامادەدەکات کە بەهیچ شێوەیەک لەوەی پێشوتری ناچێت. ئەم وەڵامەیشی بە کۆمەکی ڕاستەوخۆی زلهێزەکانی ڕۆژئاوادەبێت. زۆربەی زۆری ئەو ناوەندە تایبەتمەندانەی کە من قسەیان لەگەڵ دەکەم بەدوری نازانن، هەروەک چۆن داگیرکردنی کوەیت سەرەتای ئاوابوونی خۆری سەدام حوسەین بوو، ئاواش ئەم پەلامارە نوێیەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، سەرەتایەکی یەکجار بەهێزی کۆتایی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانبێت. واتە سەرەتای پرۆسێسێکی دابەزینە بەرەو دۆزەخ !
دەیەم : من یەکێکبووم لەوانەی کە پێموابوو لەنێو هەموو بژاردەکاندا، ئایەتوڵاکان لە کۆتاییدا عەقڵی ساردی دەوڵەت هەڵدەبژێرن، بەڵام وادەرنەچوو، ئەوان لەژێر کارایی هەست و سۆز و تاڕادەیەکیش ئایدۆلۆژیادا، پێچەوانەی ئەمنی قەومی ڕژێمەکەیان بڕیاریاندا و کەوتنە <<داوەکەی>> پیاوە توندڕەوەکەی تەلئەڤیڤەوە. ئێستا ئەبێ بزانن : هەرگیز دنیای پێش 1ی ئۆکتۆبەر وەک دنیای پاش 1ی ئۆکتۆبەر نیە.
یانزەهەم : هەر بۆ بیرهێنانەوە، هەمیشە وتومە : عەقڵانی ترین سیاسی، ئەکرێ لەساتەوەختێکدا ئەحمەقترین بڕیاربدات کە بە مەرگی جەستەیی یان ڕەمزیی خۆی کۆتایی پێبێت. ڕەنگە ئەمە
یەکێکبێت لەو ساتەوەختانە.