Alternate Text

دۆنالد ترامپ ئین پاریس : ڕۆژی شەمە، چی لە پاریس ڕودەدات ؟

د. عادل باخەوان‌ 23/03/2021

رۆژی شەمە دۆنالد ترامپ، لەسەر بانگهێشتی خودی سەرۆک ماکرۆن، دەگاتە پاریس. نزیکەی پەنجا و دوو سەرۆک و پاشا و سەرۆکوەزیران لێرەن. هەر لەسەرەتاوە با ئاماژە بەوە بدەین کە ئەمە ڕوداوێکی ئاسایی نیە، بۆیە هەم دۆنالد ترامپ و هەم ئەم هەموو سەرۆک و پاشا و سەرۆکوەزیرانەی دنیا بەشداری تیادادەکەن.

1. ئەم کاتێدراڵە، کە لە ساڵی 1163 دا یەکەم بەردی بناغەکەی دانراوە، پێنج ساڵ لەمەوپێش گڕیگرت و لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا نزیکەی ملیارێک دۆلاری تێچوە تا وەک خۆی لێکراوەتەوە و ڕۆژی شەمە دەرگاکانی بەڕوی جەماوەردا دەکاتەوە.

2. سەردانی ترامپ و هەموو ئەم سەرکردەیە بۆ پاریس لە ساتەوەختێکدایە کە دوێنێ ئێوارە، پەرلەمانی فەرەنسی متمانەی لە حکومەت سەندەوە و لە ئێستادا ئێمە حکومەتێکی کاربەڕێکەرمان هەیە. ئەم ئێوارەیە، سەعات هەشت بەکاتی فەرەنسا، سەرۆک ماکرۆن گوتاری هەیە و بڕیارە ستراتیژیەتی خۆی بۆ ڕۆژانی داهاتوو یەکلایی بکاتەوە.

3. هێنانی ترامپ بۆ پاریس، لەم ساتەوەختە ناسکەدا، سەرکەوتنێکە بۆ دیپلۆماسیەتی سەرۆک ماکرۆن و مەسیجێکە بۆ هەموو لایەک کە تێکچوونی دۆخی ناوخۆی فەرەنسا تەنها پەیوەندی بە (ماڵەوە) هەیە و کارایی لەسەر پێگە نێودەوڵەتیەکەی فەرەنسا دانانێت. لە فەرەنسا چەمکی ماڵ موقەدەسە و کەس، هیچ کەس، نە دەسەڵات و نە ئۆپۆزیسیۆن، حورمەتی ناشکێنن. عاقڵەکان تێدەگەن باسی چی دەکەم !

4. هێنانی ترامپ بۆ پاریس، لە سەر ئاستی پرۆتۆکۆل، پەیوەندی بە نۆترۆ دامەوە هەیە، بەڵام لە قوڵاییدا و لە پشتی پەردەکانەوە، فەرەنسا دەیەوێت، ئەوەندەی دیپلۆماسیەت ڕێگای دەدات، کارایی بەسەر ستراتیژیەتی دۆناڵد ترامپ لەسەر جەنگی ئۆکرانیا و جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێت. ئەم دوو جەنگە بۆ فەرەنسا و ئەوروپیەکان چارەنوسسازن و مامەڵەی ترامپیش یەکلاییکەرەوەیە، بۆیە ئامادەبوونی لە پاریس دەرفەتێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوروپیەکان.

5. لە دەرەوەی ئەمەش، هەرچی کامێرای دنیاهەیە، تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامە، هەمووی لە پاریسن، سەدان ملیۆن کەس لە هەموو دنیایەوە ڕاستەوخۆ بینەری ئەم ڕوداوە دەبن، ئامادەبوون لەم ڕوداوەدا، دەستکەوتێکی دیپلۆماسیە بۆ هەر وڵاتێک.

6. کورد نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتە، هەموو ئەوانەش بانگکراون، نوێنەرایەتی دەوڵەتێک دەکەن، ئامادەیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ساتەوەختێکی وادا و بە بانگهێشتی فەرمی، واتە ئامادەیی کورد لەنێو کۆی نەتەوە دەوڵەتدارەکانی دنیادا، ئەمە خۆی لە خۆیدا، مەسیجێکی زۆر گرنگە کە فەرەنسا، وەک یەکەم زلهێزی یەکێتی ئەوروپا، بۆ کورد خۆی و وڵاتانی سیستمی هەرێمایەتی و تەنانەت وڵاتانی جیهانیشی دەنێرێت.

7. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا کورد خۆی چۆن سەرمایەگوزاری دیپلۆماسیی بەسەروە دەکات ؟ ئایا دەستەبژێری کوردی، بە گرەو و بەرژەوەندی و ئاڵنگاری و پرسیارە ستراتیژیەکانی (ماڵ)ەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن یان بەپێچەوانەوە ؟

8. ئێوارەی شەمە، پاش ئاهەنگەکە و گوتاری سەرۆک ماکرۆن، لە پشتی پەردەکانەوە و دور لە چاوی کامێراکان، هەموو سەرۆک و پاشاکان، وەک کورەی هەنگ، لە یەکتری ئەئاڵێن و ئەجەندەکانی داهاتوی یەکتری پڕدەکەن لە دیدار و بەیەکگەیشتن و بەڵێندان بە یەکتری. ئەمە ئەو ساتەوەختەیە کە تواناییەکانی دانوستان و خۆ فەرزکردن بەسەر خۆفەرزکەرەکاندا دەردەکەوێت. ئەمە ئەو ساتەوەختەیە کە نابێت تیادا ئامادە نەبیت.