Alternate Text

ژن بوون زەحمەتە تەنانەت مەترسیداریشە.

شنۆ عوسمان‌ 23/03/2021

هاتنی مەزڵوم عەبدی بۆ هەرێمی کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ خوێندنەوەی یاداشتەکانی گۆڵتان کیشەناک لەلای من، کتێبەکەی گوڵتان بە ناوی (رەنگی مۆری سیاسەتی کوردی)،  (سەربەست زاگرۆس) لە تورکییەوە کردوویەتی بە کوردی.

لەدوای خوێندنەوەی کتێبە مۆرەکەی گوڵتان دەزانیت  کە چۆن دوو ژن  هاوشانی (مەزڵوم عەبدی) هەرچەندە لە میدیاکان باس نەکران هاتبونە دانوستانەکان کە تایبەت بوو بە ئایندەی نەتەوەیی وسیاسی

 گوڵتان باسی ئەوەدەکات وەک ژنان بە خەباتی زۆر بە ماندووبوون وایکردوە کەحزبەکان باوەڕیان بە بەشداری راستەقینەی ژن هەبێت،ئەگەرنا سەرەتا زۆر ململانێی توندوتیژیان کردون، ژنانیش بە تێکۆشانی خۆیان ئەو پێگەیەیان بۆخۆیان دروستکردوە شەری بەشداریکردنی پرسە گرنگەکانی کۆمەڵگاونەتەوە بکەن.
لەم کتێبەدا، گوڵتان کیشەناک بەشداری بە (١٦) ژنی هاوخەباتی خۆی کردوە بۆنوسینەوەی یاداشتەکانیان باس لە مەساری سیاسی ومەدەنیان دەکەن، تا ژیانی نێوبەندیخانەیان کەبە (بزوتنەوەی ژنانی کورد) خەباتەکەیان ناو دەبەن.

ئەوەی جێگای سەرەنجە، ئەم ژنانە پێکەوە هەنگاو بەهەنگاو ڕێگاکانیان بڕیوە و توانیویانە بە هەستی مێ بونیانەوە کارەکانیان لەناو حزب ولەناوکۆمەڵگەدا ئەنجامبدەن، هەستی نایەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا وایلێکردون  کە ئەم ژنانە پلانی درێژخایان دابرێژن بۆ گەیشتن بەیەکسانی وبەشداری راستەقینە لە سیاسەت کردن، پلانەکانیان بە سێ قۆناغ بووە.

قۆناغی یەکەمیان دامەزراندنی رێکخستنی ژنان بوە لەساڵانی (١٩٩١-٢٠٠٣)، قۆناغی دووهەمیان هۆشیاری ڕەگەزی بوە لە  ساڵانی(٢٠٠٠-٢٠٠٩)، قۆناغی سێهەمیش بەشداریبوە لە حکومەتی خۆجێیدا رێکخستنەکاندا، ماوەی (١٠) ساڵ خەباتیان کردوە بەپلانەوە، گوڵتان کیشەناک دەڵێت: "گەڕاین بەدوای وەڵامی داهاتویەکی چۆن بۆ ژنان؟ باسی ئەوەش دەکات کە هەر لەو ساڵانەدا کە  ژنان خەباتیان کردوە لەناوحزبدا زانیویانە بوونی دەزگای سەربەخۆی ژنانیش پێویستە، بۆئەوەی ڕێکخستنەکانیان ژنانی ناوحزب تێپەڕێنێت"پشتیوانی دەزگای سەربەخۆیان کردوە. گوڵتان  دەشڵێت بزوتنەوەی ژنان هەوڵماندا کاربکەین بۆ ئەوەی ژن تەنها نەبێتە پەرلەمانتار، بەڵکو ژن  شارەکان بەرێوەبەرێت.(شار ژنیشی تیادایە).
لەیاداشتەکانی ئەم ژنانەدا رووداوی  جیاواز هەیە، بەڵام هەموویان لەسەر یەک هێڵ بەیەک تەکەتولی ژنانە و بەیەک ئامانج، ئاراستەبوون وکاریان کردوە.

ئەوەی جێگای سەرنجە لەهەمووهەنگاوەکانیاندا دانەبڕاون لە ژنانی دەرەوەی ناو سیاسەت و حزب، زۆر زیرەکانە دەنگی ژنانیان بەدەستهێناوە هەمیشە گەراونەتەوە بۆیان،هەندێک نمونەی بۆچونەکانی ئەم ژنانە باسدەکەین کاتێک سەرۆکی شارەوانیەکان بوون.
-  فیگەن یوکسەکداغ دەڵێت: مێژوو بەهیچ شێوەیەک ژنی دەستەوەستان وبێدەنگی خۆشناوێت.
-  ئەدیبە شاهین دەڵێت: لیستی پێداویستیەکان بەگوێرەی پیاوان بوون لەزیندان، هیچ تەوقەیەکی قژی لێنەبوو بۆیە ناچآربووم قژم ببڕم وکورتی بکەمەوە.
-  فاتمە دۆغان دەڵێت:کاری بەرێوەبەرێتیی ژن لە گوندەکانیش زۆر دەنگیدابۆوە، لەگوندەکان لەگەڵ ژنان کۆبونەوە دەکرا گوێ لە کێشەکانیان دەگیرا و پێکەوە چارەسەرمان دادەنا.
-  دیباکەسێن دەڵێت: کە دەچوینە کەمپینی هەڵبژاردنەکانەوە باسی ئەوەمان دەکرد ئێمە دژی عەشیرەت نین وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی و کەلتووری،  بەڵکو دژی عەشیرەتگەرین کە رێگرە لە پێشکەوتن ودیموکراسی.
-  سادییە سوەر دەڵێت: لەشارەوانیدا مەبەستمان بوو ژن سەردانمان بکات، بۆیە یەکەم کارمان ئەوەبوو ناوەندێک بۆ ژنان بکەینەوە بۆ حەوانەوە بۆ ئەو ژنانەی لەدورەوە دەهاتن.     
-  موکەدەس کۆبیلادەڵێت: ژنان بەشداریان لە کۆبونەوە جەماوەریەکاندا دەکرد، توندوتیژی نێوخێزانیشمان گفتوگۆ دەکرد، لەدوای ئەم کۆبونەوانەوە  ژنان هێزێکی گەورەیان لە سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان بەدەست هێنا.
-  سارا کایە وەک سەرۆکی شارەوانی نەسەیبییەن دەڵێن: زۆر زەحمەتیم بینی، دەگوترا "ژنان لە پارە تێناگەن" گۆڕیم بۆ هەڵوێستی "پارە تەسلیمی ژنان بکەن" وەکو ژنێک ژیام کە پارە نەتوانێت پیسی بکات .
-  گوڵتان کیشەناکیش، کە سەجەم ژنەکان بەسەرۆک گوڵتان ناویدەبەن لەیاداشتەکانیاندا،مێژویەکی تایبەتی هەیە و بە ئەزموونی سیاسی و رۆژنامەنوسیدا تێپەریوە و زۆر باش لە ئازادی ولەداواکردنی مافاکان ولەگرنگی نوسینەوەی ئەم مێژوەیان تێگەیشتوە.

ئەو سەرۆکی شارەوانی ئامەد بوە دوای ئەوهەموو ئەزمونە گوڵتان دەڵێت: ژن بوون زەحمەتە تەنانەت مەترسیداریشە! سەرەتا کە دەستمان پێکرد دەگوترا: ئەو پارەیەی لە ژنان سەرف دەکرێ بەفیرۆ دەچێت، کیشەناک دەڵێت: دەبوایە  ئەم بۆچونە بگۆرین.
ئەمان ١٦ یاقوتی سورن هاوشێوەی ئەو یاقوتانەی تر کە هێشتا نەمان ناسیون.