Alternate Text

لە سلێمانیەوە رابەرى تەریقەتێکى جیهانى ئیسلامى پەیڕەودەکرێ

شاهۆ عوسمان‌ 23/03/2021

تایبەتمەندیەکى ئەم شارە بەستنى کۆڕى زیکر و دەرکەوتنى کەسانى ئاینى بووە، وەکو دەروێش و سۆفى و شێخى تەریقەت و سەیدو مەلاو زاناى ئاینى .. کەخزمەتیان بەم شارەو دنیاى ئیسلامى کردووە بەتواناو دانایى خۆیان.

کە ئەم رابەرایەتیکردنەى دنیاى ئیسلامى لە گوندو ناوچەیەکى  سلیمانى جێگەى تێڕامان و لێکدانەوەیەکى زۆرە لە دنیایەکى گەورەى پڕکێشمەکێشم و کێبڕکێ و پڕ لەشکاندن و چاو لەسەربوونى... ئەوکەسایەتیە کوردانە بە تواناى خۆیان توانیویانە جڵەوى رێبازى گەورە بگرنەدەست، کەمایەى زیرەکى و لێهاتنیان بووە...لەناوخۆو دەرەوەى کوردستان ودنیاى ئیسلامى...

کورد وتەنى خەڵکى ترى فرە نەتەوەو فرە زمان هاتوون بۆلاى ئەمان، بۆ وەرگرتنى بەیعەت و وتنەوەى تەوحیدو یەکتاپەرستى... کە تاکو ئێستا ئیسلامیە سیاسیەکانى کوردستان ئەوەندە دۆست و کۆکەرەوەیان نیە لەدنیاى ئیسلامیدا، خۆ هیچ نەبێ موسڵمانانى تر خەڵکى کوردستان وکوردیان لەرێگەى ئەمانەوە ناسیەوە، کەمیللەتێک هەیە بەناوى کورد، شارێکیش هەیە بەناوى سلێمانى کەشوێنى هاتنەدنیاى ئەم کەسایەتیانەیە(مەولانا خالد نەقشبەندى،کاک ئەحمەدى شێخ و واتە شێخانى کەسنەزان و قادرى ونەقشبەندى).  

به‌ستنى كۆڕى زكرى رێبازى قادرى‌ و نه‌قشهبه‌ندى له‌مزگه‌وت ‌و ته‌كیه‌ و خانه‌قا ئه‌نجام ئه‌درا لەم شارەدا. بەتایبەتى لە مزگەوتى گەورە و چەند مزگەوتێکى تر، ئه‌م دوو رێبازه‌ جیاوازن له‌شێوازى به‌ستنى  كۆڕى یادكردنه‌وه‌‌و زكرى خودا.

وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ركه‌سێك ده‌یه‌وێت‌و خوازیاره‌ به‌ویستى خۆى ئه‌توانیت پیاده‌ى هه‌ر رێبازێكیان بكات یان نەى کات ئازادانەیە، کە هیچ زۆرە ملێ و داواکاریەک لە کەس ناکەن بۆ شوێن کەوتنیان.. کە مەبەست تەنها بۆ خوداى یەکتا پەرستیە کە هەر رێبازەیان پله‌و مه‌قام‌و شێوازى تایبه‌ت به‌خۆیان گرتۆتەبەر‌.

لێره‌دا كه‌مێك له‌سه‌ركۆڕى زكرو ڕێبازى قادرى‌ ده‌دوێم كه‌ له‌ناو مزگه‌وت‌و ‌‌ته‌كیه‌یى شێخه‌كان‌و ماڵاندا ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ خۆم میوانداریم تیادا كردووه‌ بۆ تێگەشتنم لەو ریبازانەو ئاینى تریش.

كه‌سى ده‌روێش تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه‌ موریدانى ئەم رێبازە له‌ رووى بیروباوه‌ڕەوە تاوەکو ئەوەى په‌یوه‌ندیه‌كى رۆحى تایبەتیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ شێخ‌ و خه‌لیفه‌كه‌یان، کە دەکرێت بڵێم خۆشەویستی نێوانیان دەگەتە پلەى ئاشق ومەعشوق.

 له ‌رووكارى جه‌سته‌ییه‌وه‌ دەروێش وه‌كو ئه‌وه‌ى  قژ‌ و ریشى درێژى هه‌یه‌، سه‌رناتاشن ته‌نها له‌كاتى پێوست قژ دەبڕن، واتە پرچ دەهێڵنەوە، وه‌ك پێویستى له‌كاتى زكردا کاتێک کۆڕگەرم دەبێت پرچ به‌رده‌دەنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ى سه‌رو ریشیان سپى ده‌بێت زۆرجار خه‌نه‌ى تێدەگرن وەکو سونەت، زۆربه‌یان خه‌نجه‌رو تیخ‌و زرك‌و..ده‌ف‌و جۆریك له‌ته‌پڵی تایبه‌تیان هه‌یه‌ كه‌ بۆ مناجات‌و كۆڕى زیكر به‌كارى ده‌هێنن..
دەروێش بە ئه‌نجامدانى مناجات‌و ته‌هلیله و بەردەوامى زیکرى خودا‌و به‌ناوبردنى شێخه‌كه‌یى‌ جه‌زبه‌ى بۆ دێت‌و حاڵى لێدێت‌، ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌یبینێت ده‌زانێت له ‌رووكارى هه‌ڵسوكه‌وت‌و جوڵه‌و لایه‌نى ده‌رونی گۆڕنکارى بەسەرداهاتووە، کە له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌ ‌حاڵ لێهاتن ناوده‌برێت، کە لێرەدا گۆڕانكارى به‌سه‌ر كه‌سایەتى ده‌روێشه‌كه‌‌و به‌شداربووانى كۆڕى زكره‌كه‌دا هاتووه‌.

 ده‌روێشه‌كان به‌شێوه‌ى بازنه‌یى ئه‌ڵقه‌ ده‌به‌ستن یان روده‌كه‌نه‌ قیبله‌ یان شوێنى وه‌ستانى شێخه وخەلیفەكه‌یان. كۆڕى زیكر به‌ ئاماده‌بونى شێخ یاخود خه‌لیفه‌ داده‌مەزرێنن، لە کۆڕدا  ‌موناجات ده‌كه‌ن‌و قورئان ده‌خوێنن‌و كۆڕى زكر بەردەوام ئەبێت ‌و گه‌رم ده‌بن‌ و له‌گه‌ڵ موناجاتدا ده‌ف ده‌ژه‌نن‌و تەپڵ لێدەدەن کە به‌ دوو دار به‌ ته‌پڵكه‌دا ده‌كێشن کەئەمە بەکارهێنانێکى تایبەتیە، کاتێک ده‌روێش حاڵى لێدێت‌ و له‌كۆڕەکە‌دا به‌شمشێر و خه‌نجه‌ر و زرگ  له‌ سه‌رو ورگى خۆیان و یه‌كترى ده‌ده‌ن‌.

وەکو ئەوەى به‌هێزیكى زۆر خه‌نجه‌ر به‌ته‌پڵى سه‌ر‌و ناوچه‌واندا داده‌كوتن یاخود به‌ناو ورگ‌ و پشتیدا شمشێر یان خه‌نجه‌ر ئه‌مدیوو ئه‌‌ودیوو لەجەستەیان ده‌ده‌ن، زرک دەکەن بەناوگوپداو ئەمدیوى ئەو دیوى دەکەن، بریندارده‌بن‌ و خوێن فیچقه‌ده‌كات ‌و خه‌نجه‌ر و شمشێره‌كه‌ى پێوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌ندێكجار مارو دوپشك ده‌هێنن ‌و به‌كه‌سى ده‌روێشه‌وه‌ ده‌دات‌..جگه‌ له‌وانەى سەرەوە‌ خواردنى پیاڵه‌ى شوشه‌و گوێزان قوت دەدەن و پشكۆى ئاگر‌ دەخەنە ناو دەم و...به‌سه‌ر پشكۆ‌و ئاگردا دەڕۆن.. وەستان لەسەر زۆپاى دار بە داگیرساوى ...چەندین کارى تر.
لە روانگەى کەسى ترەوە  دەبینرێت دەروێش كارى ئازارگه‌یاندن ومەترسیدار به‌جه‌سته‌ى خۆیان دەکەن، واته‌ ئه‌نجامدانى زۆر شتى ترى ناوازه‌ بۆ كاتى ئاسایى  کە كه‌س ناتوانێت ئه‌نجامى بدات،  بەڵام ئه‌م ده‌روێشانه‌ ئه‌نجامى ئه‌ده‌ن...  
پاشان له ‌ناوه‌ڕاستى كۆڕى زكر یاخود له‌نزیك شێخ یاخود خه‌لیفه‌وه‌ ده‌روێشه‌كه‌ دائه‌نرێت‌ و ئه‌و ده‌روێشه‌ى برینداربووه‌  موناجاتى به‌سه‌ردا ده‌كرێت‌و قورئانى به‌سه‌ردا ئه‌خوێنرێت‌و كۆڕى زكر به‌رده‌وام ده‌بێت‌و بێ پێچانى برینه‌كه‌ى، ته‌نها هاوار له‌خوداى میهره‌بان‌ و پێخه‌مبه‌ر محمد مسته‌فا و شێخه‌كه‌یان ده‌كه‌ن‌، كۆڕى زكرى خودا زیاترگه‌رم ده‌كه‌ن‌و شێخەكه‌یان لە کۆتایدا ده‌ست ئه‌هێنێت به‌شوێنى برینه‌كه‌داو پاش ماوه‌یه‌ك وه‌كو خۆى ئاسایى ده‌بێته‌وه‌‌ و هه‌ڵئه‌سێته‌وه ‌‌و ده‌رویشه‌كه‌ چاك ده‌بێته‌وه‌ .

واته‌ لەكۆتاى به‌ستنى كۆڕى زكر وه‌كو ئه‌وه‌ وایە هیچ به‌سه‌رجه‌سته‌یدا نه‌هاتبێت‌و هیچى نەکردبێت. جه‌سته‌ى ساغ‌ و سه‌لامه‌ته‌و بێ برین پێچ ‌ودكتۆر برینه‌كانیان ساڕێژده‌بێت...شوێن ‌و ئاسه‌وارێكى ناسروشتى نابینرێت به‌ ده‌روێشه‌كه‌وه‌.

ئەوەى جێگەى ئاماژەیە لەئێستادا لەکوردستان تەریقەتى قادرى کەسنەزانى بەردەوامەو توانیویانە ژمارەیەکى زۆر لە دەروێشیان هەبێت لە دنیاى ئیسلامى دا بگرە بە مەلاین دا ئەنرێت، کە ئەم رێبازە لە نزیکەى سەدان دەوڵەت تەکیەو پێگەیان هەیە لە ئێستاشدا. 

لەو وڵاتانە پەیڕەوانى  ئەم رێبازە جێگەى رێزو تەقدیرن، بەشدارى چەسپاندنى ئاینیان هەیە، ئەم رێبازە سەدان ساڵە لە کوردستاندا پەیڕەو دەکرێت، ئەوەى جێگەى ئاماژەیە  شێخى ئەم رێبازە کوردەو لە جیهانى ئیسلامى ناسراوە و لەوڵاتاندا بە جلوبەرگى کوردى و ئیسلامى بەشدارى کۆڕەکانى دەکات کە تاکو ئێستا شیخ محمدى شیخ عبدول کەریمى کەسنەزانی بووە.

ئەم کەسایەتیە لە روکارى نوسینەوە خاوەنى نوسینێکى زۆرە کە لە موسوعەى کەسنەزانیدا چاپى کردووە کە هەزاران لا پەڕەیەو لە (٣٠) سى بەرگى قەشەنگدایە. کتیبخانەى کوردى وجیهانى عەرەبى و ئیسلامى پى دەوڵەمەندکردووە.  

وەکو خۆى لەسەرەتاى لاویدا بەشدارى سیاسى هەبووەو لەکوردستانداو لەشۆڕشى ئەیلول  لەگەل گروپى مەکتەبی سیاسى بووە، بەرپرسیایەرتى هەڵگرتووە، کە بەلێکدانەوەى بنەماڵەیى بوایە، دەبوایە لایەنگرى مەلا مستەفا بوایە... کەواتە بۆخۆى دیدو بۆچونى جیاوازى هەبووە. لەژیانى دا بۆ بەردەوام بونى رێبازى کەسنەزانى لەسەر ئاستى جیهان و کوردستان پێش خۆى شێخ نەهرۆى کوڕى کردۆتە جێنشین.

بۆ ئەوەى دەگوزەرێ لە ئێستادا لەسەردەمى کۆرۆنا دەبوایە حکومەت لە مەرزەکاندا بەفەرمى پێشوازى لى بکردنایەو شوێنى مانەوەو پشکنینیان بۆ تەرخانکردنایە چەند رۆژێک لەمەوبەر، چونکە ئەوەى شارەزاى تەریقەتەکان و دنیاى ئیسلامى بێت دەزانێت کە ئەوان پێویستە بەیعەت بکەن بە جێنشینى رێبازەکەیان... جگە لەو خۆشەویستیە عارفانەیەى دەروێش وخەلیفە هەیانە بۆ شێخەکەیان،  ئەمەى روئەدات  لەتێنەگەشتن و نەشارەزایى و بێ باکى بەرپرسانى ئیداری دروست بووە.
کە ئەمڕۆ شێخ نەهرۆ جەنازەى باوکى لە ئەمریکاوە دەهێنێتەوە لە سلێمانى بەخاکى دەسپێرێ لەگەڵ ئەوەى کەسایەتى وەکو مەلیک عەبدوڵاى ئوردن و دەوڵەتانى ترى وەکو ئەفغانستان.. داواکاربوون لەوێ بەخاک بسپێرێت..کە ئەمە لە کاتێکدایە گەشتى ئاسمانى وەستاوە بە فەرمى...کە هاێنانەوەى جێگەى رێزى جیهانیە لەو رێبازو کەسایەتیە..

هەروەک ئەوەى ئەمڕۆ ئەو دەروێشانە سەد ساڵ لەمەوبەر سەردانى مەزارى کاک ئەحمەدى شێخ یان کردووە، هەرچەندە ئینگلیزەکان هەوڵیانداوە نەیەن و بگەڕێنەوە، بەڵام بێسوودبوو، بۆیە لە ترساندا میجرسۆن شارى بەجێهێشت، لە دواى ئەوەى دەسەڵاتى کەوتەوە دەست نەیهێشت هاتووچۆى نێوان سلێمانى و کوردستانى ئەودیوو بەبێ زانیارى و پرسى ئەو بکرێت، ئەمەش  بۆ لێدانى شۆڕش و دەسەڵاتى مەلیکى کوردستان بووە، دواى ئەوە رێگەپێدانى دروستکرد و هەوڵى ئەوەى دا رێگەکان بەخاتە دەستخۆى، تەنانەت بۆ کارى بازرگانى دەبوایە رەزامەندى لەو وەرگیرایە..

لە کاتێکدا ئەمە پێش دروستکرنى سنورى نێودەوڵەتى عێراق وئێران بووە...واتە پێشتر ئینگلیزەکان کوردستان یان بەش کرد...بەڵام ئەمجارەش وەک روداوێکى سەردەم ئەو دەروێشانە سنورە نێودەڵتییە داگیرکاریەیان شکاند، کە تاکو ئێستا هیچ شۆڕش و رێکخراوێکى کوردستانى نەیتوانى ئەوە بکات..
 کەدەکرێ ئەمە بۆ گیانى یەکترویستن وخۆشەویستى یەکترى بەکاربهێنرى نەک ئیهانەو سوکایەتى بەو دەروێشانە کە بەشێکن لە کلتورو مێژوو رێبازى ئاینى ئیسلامى و کەسایەتى کوردستانى و ناوشارى سلیمانى و دەوروبەرى ...