ئەو کەسەی لەلایەن خاوەن پێداویستییەکی تایبەتەوە کوژرا براکەی چەندین نهێنی ئاشکرادەکات

کوردستان 22/07/2020

Alternate Text

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە بەنداوی سەروچاوەی ناحیەی بێتواتە لە قەزای ڕانیە پیاوێکی تەمەن ٤٩ ساڵ بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا، برای کوژراوەکەش دەڵێت، رووداوەکە بەهۆی شەڕێکەوە بووە کە پێش ١٥ ساڵ لەنێوان بکوژ و کوژراو روویداوە.

شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە (BMC) راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە رووداوێکی تەقەکردندا لە بەنداوی سەروچاوە پیاوێکی تەمەن ٤٩ ساڵی دانیشتووی ناحیەی چوارقوڕنە کە پیشەی شوفێری ئەمبوڵانسی نەخۆشانەی چوارقوڕنە بووە، به پێنج فیشەکی چەکی دەمانچە کوژرا.

وتیشی، دوێنێ هاوڵاتی (م،ر،ع) تەمەن ٤٩ ساڵ دانیشتوی ناحیەی چوارقوڕنە کە پیشەی شۆفێری ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری نەخۆشخانەی چوارقوڕنە بووە، لە ناوچەی گەشتیاری بەنداوی ئاوی سەروچاوە سەربە ناحیەی بێتواتە سەربە قەزای ڕانیە تەقەی لێکرا و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا، دوای روداوەکە هێزەکانیان تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد.

وتیشی، دوای ئەوەش تۆمەتبارێکی دیکە خۆی رادەستی هێزە ئەمینیەکان کرد و ئێستا هەردو تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر بە پێی مادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە بەمەبەستی زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی رووداوەکە بەردەوامە.

مەولود رەشید، کەدەکاتە برای کوژراوەکە بە (BMC) راگەیاند، "هۆکاری رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نێوان بکوژ و براکەم کە ١٥ ساڵ بەر لە ئێستا روویداوە، لە رووداوێکدا کە "عەندی" نەبووە کەسی بکوژ بریندار دەکات".

وتیشی، تۆمەتباری بکوژی براکەم ١٥ ساڵ بەر لەئێستا بەهۆی شەڕێک لەگەڵ براکەم قاچێکی لە دەستداوە و کەم ئەندام بووە کە شتەکە "لە ئیرادی بووە نەک عەندی".

ئاشکراشیکرد، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە بکوژەکە بە فێڵ براکەمی بانگهێشتی بەنداوی سەروچاوە دەکات و لەوێ بە چەکی دەمانچە دەستڕێژی گولـلەی لێدەکات و دەیکوژێت، بە هاوکاری چەند کەسێکی دیکە.

روونیشیکردەوە، ئێمە پێشتر لەڕێگای سەرۆک عەشیرەتی ئاکۆیان(سوڵحمان) کردووە، کە بڕی (٥٠) هەزار دیناری سویسریمان داوە بەو کەسە ئەویش رازیبووە بەو سوڵحە.

راشیگەیاند، " ئێستا دوو کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراوە، ئێمە سکاڵای یاساییمان تۆمارکردووە، لەرێی دادگاوە کێشەکە چارەسەر دەکەین ئەمجارە نەک سوڵحی عەشایەری".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا