بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراو و بڕیاردراوە کۆبونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان تەرخانبکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی دارایی هەرێم.
بەپێی بەرنامەی کاری پەرلەمان، هەریەکە لە وەزیرانی دارایی و پلاندانان و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامادە دەبن و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران دەدەنەوە.
هەروەها لە کۆبونەوەکدا ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی پەرلەمان سەبارەت بە دۆخی دارایی هەرێم و موچەی فەرمانبەران دەخوێندرێتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە ماوەیەک لەمەوپێش فراکسیۆنی گۆڕان داوایکرد لەسەر دۆخی دارایی هەرێم و موچەی فەرمانبەران هەریەکە لە سەرۆک و جێگری حکومەت و وەزیری دارایی بێنە پەرلەمان و دۆخەکە رونبکەنەوە.