هێڤیدار ئەحمەد: نەموتووە خەلیفە عوسمان گەندەڵ بووە

کوردستان 28/07/2020

Alternate Text

هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەو بەهیچ شێوەیەک باسی حەزرەتی عوسمانی کوڕی عەففانی نەکردووە کە کەسێکی گەندەڵ بووبێت، بەڵکو مەبەستی ئەوە بووە کە لە "سەردەمی عوسمان" گەندەڵی دەستیپێکردووە.
 
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، هێڤیدار ئەحمەد قسەیکرد و چەند پرسیارێکی ئاراستەی وەزیری دارایی و ئابووریی کرد.

 بۆ روونکردنەوەی وتەکانی ئاماژەی بە کتێبێکی عەلی وەردی، نووسەری عێراقی کە کاری لەبواری کۆمەڵناسی و دەروونناسیی تاکی عێراقی دەکرد. باسی لە خەلیفەکانی ئیسلام کرد و وتی کە "جیاواز بوون". 
 
بە وتەی هێڤیدار ئەحمەد، خەلیفە ئەبوبەکر، هەموو سامانی دەوڵەتی بەسەر تەواوی موسڵماناندا دابەشکردووە، دوای ئەو خەلیفە عومەر "دادپەروەر بووە" و سامانی دەوڵەتی تەنها بەو کەسانە بەخشیوە کە پێویستیان پێی بووە.

بەڵام لە سەردەمی عوسمانی کوڕی عەففان، گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە و بە دەوڵەمەندەکانی وتووە، خۆیان سەرپشکن لەوەی کە سامانی خۆیان بە دەوڵەت بدەن یان خۆیان دابەشی بکەن. "سەردەمی عوسمان گەندەڵی دەستیپێکرد، دەوڵەمەندی فاحیشە، ئەم وشەیە هاتە ناو ئەدەبیەتی زمان لەو سەردەمەوە". 
 
هێڤیدار ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستاش بە نزیکەیی وایلێهاتووە، "بۆیە تاوەکو ئێستا باسی دادپەروەریی عومەر دەکرێت، چونکە پارەکە وەکو خۆی بە دادپەروەری دابەشی دەکرد". داوایشی لە حکومەت کرد وەکو سەردەمی عومەر بن. 
 
قسەکانی هێڤیدار ئەحمەد کاردانەوەی لێکەوتەوە و عەبدولستار مەجید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "قسە سەبارەت بە مێژووی ئیسلامی لە  [عەلی وەردی] وەرناگیرێت". 
 
چەند پەرلەمانتارێکیش داوایان کرد قسەکانی هێڤیدار لە پرۆتۆکۆلی پەرلەمان بسڕدرێتەوە. 
هێڤیدار ئەحمەد لە روونکردنەوەیەکی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک ئاماژە بەوە دەکات، قەت نەم گوتووە عوسمانی کوڕی عەففان گەندەڵە و "رێگەش بە خۆم نادەم قسەی وا بکەم".

دەقی روونکردنەوەی هێڤیدار ئەحمەد: 

بەڕێزان

ھەندێ کەسی بەڕێز بەڵام بێئاگا و بێ بزانن چیم گوتووە قسە بەناویمن بڵاودەکەنەوە کە گوتوومە (خەلیفەی عوسمانی کوڕی عەفان) گەندەڵە؟

قسەکانم تۆمارکراون لە پەرلەمانی کوردستان و قەت قسەی وام نەکردییە ونەم گوتووە گەندەڵە و رێگەش بە خووم نادەم قسەی وا بکەم.

بەڵام ھەندێ بەڕێزی نەزان کەوتوونەتە تۆمەت بەخشین.

قسەی خۆم کردووە، ئەوانی دیکە ھەری بڵێن بەیەک فلس ناخوات.

ھیڤیدار ئەحمەد

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا