وەزیری پلاندانان: پڕۆژه‌مان هه‌یه‌ هێڵی ئاسنینی كوردستان بخه‌ینه‌كار

کوردستان 29/07/2020

Alternate Text

وەزیری پلاندانانی هەرێم رایگەیاند، پڕۆژه‌یان هه‌یه‌، هێڵی ئاسنینی كوردستان بخه‌نه‌كار و هێڵه‌کەش عێراق و هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

لە میانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا، دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان له‌ پڕۆژه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان هەزارو ٢٩٧ پڕۆژه‌ به‌ بڕی تێچووی (٥) ترلیۆن دینار هه‌بوون و هەزارو ٣٨٨ پڕۆژه‌ش له‌ سه‌ر بوودجه‌ی گه‌شه‌پێدانی پارێزگاكان بوون به‌ تێچووی ٤٠٠  ملیار دینار.

ئاشکراشیکرد، له‌ پڕۆژه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان ٦٠ پڕۆژه‌ جێبه‌جێ كراوون، كه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ پڕۆژه‌كانی رێگاوبان، به‌نداو و كه‌رتی كاره‌با بووه‌ و پڕۆژه‌ی شه‌قامی سه‌د مه‌تری سلێمانیش یه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌ بووە .

وەزیری پلاندانانی هەرێم راشیگەیاند، پڕۆژه‌مان هه‌یه‌، هێڵی ئاسنینی كوردستان بخه‌ینه‌كار، هه‌فته‌ی رابردوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا بڕیاردرا، بڕی ٣ ملیار دینار بۆ جه‌دوای ئابوری پڕۆژه‌كه‌ ته‌رخان بكرێت.

 وتیشی، ئه‌و هێڵه‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ ده‌كاته‌ سه‌ر ئابووری و گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا