ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت بە نیازن ژمارەیەک لەو هێزانەی لە ئەڵمانیا دەیانکشێنێتەوە، رەوانەی بەلجیکا و ئیتاڵیایان بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە مارک ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە نیازن بەشێک لەو هێزانەی کە لە ئەڵمانیا دەیکشێننەوە رەوانەی بەلجیکا و ئیتاڵیا بکەن و گەر لەگەڵ پۆڵەندا و بەڵتیقیش رێکبکەون بۆ ئەوێش دەنێرن.
روونیشیکردووەتەوە، ئەمە پلانێکی ستراتیژییە وەک بەربەسێک لەبەردەم روسیادا.
ئەم وتانەی وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە کشانەوەی هێزەکانیان بەمەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکایە.
لە ماوەی رابردوودا ئەمریکا بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکانی لە ئەڵمانیا دا لە چوارچێوەی پەیمانی باکور ئەتڵەسی، ناتۆ، ئەمەش نارەزایەتی دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ لێکەوتەوە.