لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی هەولێر شەوێک مانەوەی توشبووانی کۆرۆنا دوو هەزار دۆلارە

کوردستان 09/08/2020

Alternate Text

ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەهەولێر لەنەخۆشخانە تایبەتەكان كە چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا دەكەن بۆ شەوێك مانەوە تا دوو هەزار دۆلار وەردەگیرێت، بازرگانی بەكۆرۆناوە دەكرێت و پزیشك هەیە بۆ تەنها سەردانێكی توشبوی كۆرۆنا لەماڵەوە ٢٠٠ دۆلاری وەرگرتووە.

لوقمان وەردی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەلیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەكاربەر لەپەرلەمانی كوردستان بە (BMC) راگەیاند، "ئەمڕۆ لیژنەكەیان لەسەر دۆخی تەندروستی ئێستای هەرێم بەتایبەت كۆرۆناو ئاستی خزمەتگوزارییەكان لەنەخۆشخانەكان كۆبوونەتەوە، وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەرگای كردووەتەوە بۆ نەخۆشخانە تایبەتەكان كە توشبووانی كۆرۆنا چارەسەر بكەن، بەڵام لەڕاستیدا نەخۆشخانە ئەهلییەكان خزمەتگوزاری چارەسەری توشبوانی كۆرۆنایان لەئاستێكی بەرزدایەو بێویژدانی زۆری تێدایەو بەهیچ شێوەیەك لەئاستی توانای خەڵكی كوردستاندا نییە كە لەم دۆخە داراییەدا كەسوكاریان ببەن لەنەخۆشخانەی تایبەت چارەسەری كۆرۆنای بۆ بكەن".

لوقمان وەردی ئاشکراشیکرد، "نەخۆشخانەی تایبەت هەیە لەهەولێر بۆ شەوێك مانەوەی توشبووی كۆرۆنا لەبەشی چاودێری چڕ كە ئۆكسجینی پێویستە نرخەكەی لەنێوان هەزار بۆ دوو هەزار دۆلاردایە، لەم دۆخە داراییەدا بەكێ دەدرێت، بۆیە وەك لیژنەكە لەڕێی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە داوامان لەئەنجومەنی وەزیران كردووە كە دەبێت حكومەت نرخی نەخۆشخانە تایبەتەكان بۆ چارەسەری توشبوانی كۆرۆنا بەشێوازێك دیاری بكات و چاودێری بكرێن تا لەتوانای هاووڵاتیاندا بێت".

جەختیشیکردەوە، "هاووڵاتیان رۆژانە سكاڵا دەگەیەننە ئەندامانی لیژنەی تەندروستی كە نەخۆشخانەی تایبەتەكان چارەسەری توشبوانی كۆرۆنا بەنرخێكی زۆر گران دەكەن، بۆ نمونە نەخۆشخانەی تایبەت هەیە بۆ شەوێكی چارەسەری توشبووی كۆرۆنا دوو هەزار دۆلار وەردەگرێت، ئەمە قۆڵبڕینی خەڵكە".

وتیشی، "دەبێت حكومەت چاودێری وردتر بخاتە سەر بازاڕی فرۆشتنی دەرمان، چونكە بەداخەوە بەشێك لەكۆمپانیاكانی دەرمان و ئەوانەی بازرگانی بەدەرمانەوە دەكەن فرسەتیان هێناوەو هەلومەرجی ناسەقامگیری دۆخی كۆرۆنایان قۆستوەتەوەو دەرمان بەنرخێكی زۆر گران بەهاووڵاتیان دەفرۆشن".

ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستی پەرلەمان راشیگەیاند، "پزیشك هەیە بۆ چارەسەری توشبووی كۆرۆنا لەماڵەوە بۆ تەنها سەردانێك بڕی ٢٠٠ دۆلار وەردەگرێت، بۆیە ئێستا بازرگانی بە چارەسەری كۆرۆناوە دەكرێت، بۆیە لەكۆبوونەوەكەدا باسی لەوەكرا كە ئەمە دیاردەیەكی قێزەونەو دەبێت روبەڕووی ببینەوەو داوامان لەئەنجومەنی وەزیران كردوە ئەم دیاردانە بنەبڕ بكات".

روونیشیکردەوە، "لەكۆبوونەوەكەدا خاڵێكی تر كە باسی لێوەكراوە بابەتی قەدەغەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاكان بووە، كە ئایا رێگریكردن و درێژە پێدان بە قەدەغەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاكان تا چەند خزمەتی بەوەكردووە كە رێگربێت لەبڵاوبوونەوەی كۆرۆنا؟، بێگومان ئەمە حاڵەتێكە پێموایە جگە لە شەڕێكی دەروونی لەگەڵ هاووڵاتیان هیچ خزمەتی بەوە نەكردووە كە رێكارێك بێت لەكەمكردنەوەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، سەرەتا وتیان لەسلێمانی بەڕێژەیەكی زۆر كۆرۆنا بڵاوبوەتەوەو نابێت خەڵكی سلێمانی بێتە هەولێر، ئێستا لەهەولێر دوو هێندەی سلێمانی كۆرۆنا تۆمار دەكرێت، بۆیە قەدەغەكە هیچ خزمەتی نەكردوەو تەنها شەڕێكی دەرونییە لەگەڵ خەڵكی كوردستان، ناكرێت كەسێك لەهەولێرەوە بیەوێت بچێتە داوای ڤیزەی رێگەپێدانی ئەلیكترۆنی بكات".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا