عەرەب و تورکمان دژی گەڕانەوەی پێشمەرگەن بۆ کەرکوک

عێراق 11/08/2020

Alternate Text

هەرێمی کوردستان پێداگیری لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەکێشەلەسەرەکان و کاری هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقیەکان دەکات، بەڵام عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک، دژی خواستەکانی هەرێمن و گەڕانەوەی پێشمەرگە ڕەتدەکەنەوە.

 
حەسەن تۆران جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی، بەدەنگی ئەمەریکای ووتوه‌ ، گەڕانەوەی پێشمەرگە پێچەوانەی دەستورە، پێشمەرگە بەپێی دەستور پاسەوانی هەرێمە، بەڵام کەرکوک لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانە.

لیژنەکانی هەماهەنگی وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە ناو بەناو کۆدەبنەوە، یەکێک لەو تەوەرانەی گفتووگۆیان لەبارەوە کردووە، هەماهەنگی و ئەنجامدانی کاری هاوبەشە لەناوچە کێشەلەسەرەکان، بەڵام عەرەب و تورکمانەکان دژی هەر ڕێککەوتنێکن، تایبەت بێت بە چوونەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئیسماعیل حەدیدی ، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لەکەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای راگه‌یاندووه‌ ، کێشەمان لەگەڵ بوونی بازگەی هاوبەش لەدەوروبەری کەرکوک نیە، بەڵام عەرەب و تورکمان ڕازی نین، پێشمەرگە بڕواتە ناو شاری کەرکوک.

مانگی ڕابردوو، پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان لەنێوان قەزاکانی کفری و خورماتوو، بۆشاییەکی ئەمنی فراوانیان بەڕێککەوتن پڕکردەوە، کە هەردوولایان خاڵی سەربازیان لەو ناوچایە دانا، کە پێشتر یەکێک بوو لەو ناوچانەی داعش کردبوویە شوێنی چالاکی خۆی.

له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا لیوا محەمەد ڕێگر ، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و دەوروبەری بۆ پاراستنی کوردەکان بەپێویست دەزانێت، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کوردەکان سنورەکە چۆڵ دەکەن، گەر پێشمەرگە بەهانایانەوە نەڕوات.

ناوبراو بەدەنگی ئەمەریکای وتووه‌ ، پێشمەرگە لە ساڵی 2014 عەرەب و تورکمانی کەرکوکی لەهێرشی داعش پاراست، بەتایبەت پێشمەرگە قەڵغان بوو بۆ تورکمانەکانی کەرکوک، بۆیە ئەوانەی دژی پێشمەرگە قسە دەکەن، ژمارەیان کەمە و شۆڤێنین.

زۆرێک لە بەرپرسانی کورد پێیانوایە ڕێککەوتنی نێوان عێراق و هەرێم بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شەنگال و پارێزگای دیالە ئاسانترە، وەک لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و خورماتوو، کە عەرەب و تورکمانەکانی ئەو ناوچەیە دژی ڕێککەوتنی لەو جۆرەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا