دەزگای میترۆ: نابێت لە گرنگی ئازادی كاری رۆژنامەنوسان کەمبکرێتەوە

کوردستان 11/09/2020

Alternate Text

دەزگای میترۆ بۆ ئازادی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت، راستە مەراسیمی پێشوازیی لە مستەفا کازمی گرنگ بوو، بەڵام نابێت لە گرنگی ئازادی كاری رۆژنامەنوسان و روماڵكردنی ئازاد و گەیشتن بە ئازادی كەمبكاتەوە.

 

ئەمڕۆ ١١ی ئەیلول دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر تیمی رۆژنامەوانی BMC دەزگای میترۆ بۆ ئازادی رۆژنامەنووسان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 

رێكخستنی كاری رۆژنامەنوسان  لە كاتی هاتنی وەفدی رەسمی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی هەندێ جار دەبێتە هۆی نیگەرانی و نارەزایەتی میدیاكاران، نەك گواستنەوەی رووداوی ئەو مەراسیمانە. 

ئەمڕۆ لە كاتی گەیشتنی سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا ئەلكازمی بۆ فڕۆكەخانە، هەندێ كارمەندی پرۆتۆكۆڵ و هێزی ئەمنی فرۆكەخانە، مامەڵەیەكی خراپ و توندییان لەگەڵ هەندێ تیمی میدیای كردووە، ئەمە لە كاتێكدا  تیمی راگەیاندن و پرۆتۆكۆلی بەڕێز كازمی رایانگەیاندووە ئەو رەفتارانە پەیوەندی بە تیمی ئەوانەوە نییە.

چەند تیمێكی رۆژنامەوانی پەیوەندییان بە سەنتەری میترۆوە كرد چیرۆكی ئەو رەفتارانەیان تۆمار كرد، داوایان كرد لەم بارەیەوە هەڵوێستمان دەربڕین.

سەنتەری میترۆ ئاگادارە كە لە ساڵانی رابردوو سەدان چالاكی و كۆنگرەی رۆژنامەوانی و مەراسیمی پێشوازی رەسمی لەو فرۆكەخانەیە بە سەركەوتویی رێكخراوە، جەختدەكەینەوە " نابێت ئیدارەی فرۆخانە رێگە بدات كەسانێك بروایان بە ئازادی رۆژنامەنوسی نییە لەناو تیمی پرۆتۆكۆلدا لەو جۆرە مەراسیمانە ئەركیان پێبسپێرن". 

•سەنتەری میترۆ ئیدانەی هەموو جۆرێك لە توندووتیژی و سوكایەتییەك بەرامبەر بە كەناڵەكانی میدیا دەكات. 
•راستە مەراسیمی پێشوازییەكە گرنگ بوو، بەڵام نابێت لە گرنگی ئازادی كاری رۆژنامەنوسان و روماڵكردنی ئازاد و گەیشتن بە ئازادی كەمبكاتەوە.
•داوا لە بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی سلێمانی دەكەین لێكۆڵینەوە لەو رەفتارانە بكات وبەبێ‌ رێوشوێنی ئیداری و یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی تێنەپەڕێ‌. 
•دەبوو ئیدارەی فرۆكەخانە رەچاوی بچوكی شوێنی پێشوازی لە كەسەیاتی VIP بكردایە، باشتر كاری میدیاكانی رێكبخستایە.

رەحمان غەریب
رێكخەری سەنتەری میترۆ

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا