زانكۆی سلێمانی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وام بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان 05/10/2020

Alternate Text

زانكۆی سلێمانی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وام بڵاوكرده‌وه و ڕایگه‌یاندووه‌، له‌ نێوان به‌رداشی په‌تای كۆرۆنا و قه‌یرانی دارایی و  مافی خوێندكاراندا بڕیارمانداوه‌ خوێندنی ئه‌مساڵ به‌ شێوه‌ی ئاوێته‌ بێت.‌

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی زانكۆی سلێمانییه‌:

خوێندكارانی ئازیز

كەسوكاری خوێندكاران و نوێنەرانی ڕێكخراوە خوێندكارییەكان

سڵاوی زانست و تەندروستیەكی باش...
لەو روانگەیەی ئێمەش وەك مامۆستایانی زانكۆ بەدەرنین لە كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی ھەرێمەكەمان بۆیە خوێندنەوەمان ھەیە بۆ باری ناھەموار و قورسایی سەرشانی خوێندكاران و كەسوكاریان لە دابینكردنی ھێڵی ئینتەرنێت و كۆمپیوتەر وھۆكارەكانی پەیوەندی بۆ خوێندنی ئەلیكترۆنی بەتایبەت لەناوچە دورەدەستەكان و لە ئازار و كێشەكان تێدەگەین و تیایدا دەژین.
ھەروەھا لە ھەموو كەس ئاشناترین بەوەی كە خوێندنی ئه‌لكترۆنی بە تەواوی لەئاستی داخوازی ئێمە و خواستی خوێندكاراندا نییە، و بە ئەركی خۆمان و مافی خوێندكارانی دەزانین كە ھەموو خوێندكاران  ئامادەییان ھەبێت لە ھۆڵەكانی خوێندن و راستەوخۆ وانەكان بخوێنن.

بەڵام لەنێوان دوو بەرداشدا (پەتای كۆرۆنا) و (قەیرانی دارایی) و لە ململانێی نێوان دوو مافدا (مافی خوێندن لە كەمپەس) و (مافی سەلامەتی و تەندروستی)، لەپاش چەندین كاتژمێر و چەندین كۆبوونەوە پشت بەست بەڕێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە جەخت دەكاتەوە  لە خوێندنی ئاوێتە (خوێندنی ئەلیكترۆنی وخوێندنی ناو كەمپەس) بۆ ساڵی خوێندنی(٢٠٢٠-٢٠٢١) ئەنجومەنی زانكۆكەمان  لەپێناوی ئەوەی خوێندكاران ھەم تەندروستیان پارێزراو بێت ھەم لەخوێندنەكەش بێبەش نەبن بڕیاریدا سەرەتا بە خوێندنی ئەلیكترۆنی دەست پێبكەین بۆ شەش ھەفتە ئەمەش مانای ئەوە نیە كار بەخوێندنی ناو كەمپەس ناكات، بەڵكو لە ھەفتەكانی دواتر بەپلانێكی ورد و كردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان خوێندنی چەند كۆلێج و قۆناغ و بەش و بابەتێك لەنێو كەمپەس دەبێت بە پابەندبوون بە رێكارەكانی تاك پارێزی و كۆمەڵ پارێزی، وە بێ گومان لە تاقیكردنەوەكانیشدا خوێندنەوەمان دەبێت بۆ ئەو وانانەی بە ئەلكترۆنی خوێندراون.

ھەر بۆیە پێویستە خوێندكارانی زانكۆكەمان خوێندنەوەیان بۆ ئەوە ھەبێت كە زانكۆی سلێمانی ساڵانە نزیكەی ٢٤ ھەزار خوێندكاری ھەیە كە نزیكەی ٧ ھەزار خوێندكاریان لە باڵاخانەی بەش ناوخۆییەكان دەمێنێتەوە كە ھەر ژورێك (٤ تا ٨) خوێندكاری لەخۆگرتووە كە ھەموو ئەمانەش گرفتی داراییان ھەیە و رێكاریان دەوێت، بۆیە نابێت ئەم زانكۆیە بەم ژمارە خوێندكارەوە بەراورد بكرێت بە ھەندێ زانكۆی تری حكومی و تایبەت كە پێدەچێت خوێندكارییان كەمتربێت یان خوێندكاری بەشی ناوخۆییان ھەر نەبێت، ئەگەر ئێمە وەك زانكۆ لەخەمی تەندروستی ئێوەدا نەبین بەبێ پلان ئەم ژمارە خوێندكارە كۆبكەینەوە لەنێو كەمپەس و بەشە ناوخۆییەكان وتاقیگە و كتێبخانە و كافتریاكانی زانكۆ لەم سەردەمی ڤایرۆسە كوشندەیەدا ئەوا ئەو كات دورنییە توشی كارەساتێكی مرۆیی ببین بەوەی زانكۆ ببێتە ناوەندێكی لەبار بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەكە لە نێوان خۆتان و لەوێشەوە بۆ ئازیزانتان و دواتریش بۆ كۆمەڵگا، ئەوكات دەكەوینە ژێر بەرپرسیارێتیەكی گەورەی مێژوویی و نیشتمانی كە دەرچوون لێی ئاسان نابێت.

بۆیە ھۆشداری دەدەین لەپێناو پاراستنی  خۆتان وئازیزانتان وداھاتووی گەلەكەمان ھاوكارمان بن تاوەكو بڕیارە دروستەكە پیادەبكەین ئەویش بە پابەندبوونتان بەم شێوازی خوێندنی ئەلكترۆنیە وەك سەرەتایەك و ڕاھاتنتان بەم شێوازی خوێندنە بۆ ھاتنەپێشی ھەربارێكی نەخوازراوی تەندروستی لەناكاو لەداھاتوودا، بەئومێدی  ئەوەی لە ھەفتەكانی ئایندەدا خوێندنی ناو كەمپەس ھەموو لایەكمان كۆبكاتەوە لە زانكۆی دایكدا.
سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی
٤-١٠-٢٠٢٠

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا