ئەنجومەنی فەتوا داوایەکی ئاراستەى هاوڵاتیان کرد

کوردستان 18/10/2020

Alternate Text

ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم رایگەیاند، بەهۆی مەترسییەکانی کۆرۆناوە وا باشترە یادی مەولودی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لە ڕێگەى  هەڵواسینی لافیتە و دروشمەكان لە شوێنە گشتیەكانەوە بێت و کۆبوونەوەی گەورە نەکرێت.
 
بە بۆنەی هاتنی مانگی مەولودەوە ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا ڕاگەیاندوو، لەبەر بارودۆخی ناجێگیری تەندروستی گشتی لە كوردستان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە رێنماییە تەندروستیەكان وا دەخوازن گردبوونەوە نەكرێت بۆ هیچ بۆنەیەك.

 لە روونیكردنەوەکەدا هاتووە، "لەو روانگەوە وەك ئەنجومەنی باڵای فەتوا پێمان باشە بۆ ئەمساڵ شێوازی ئاهەنگگێڕانەكە لە گردبوونەوە لە ماڵ، مزگەوت، خانەقا و تەكیەكان بگۆڕدرێت بە دەربڕینی دڵخۆشی بە بڵاوكردنەوە و هەڵواسینی لافیتە و دروشمەكان لە شوێنە گشتیەكان و هەروەها لە سۆشیال میدیا".

ئەوەشی  تیادا هاتووە "مەولودكردن واتە دەربڕینی خۆشحاڵی و خۆشەویستی و ئەنجامدانی خێر، سەدەقە و چاكە بۆ رۆحانیەتی پیرۆزی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، ئاساییە ئەو سەدەقە، خێرو چاكانەش، كە موسڵمانان دەیكەن، بدرێنە هەژاران و بەشێوەی خۆی بڵاوبكرێتەوە، چونكە سەدەقە دەفعی بەڵا و موسیبەت دەكات بەپێی دەقەكانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام".

ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵانە لە هەرێمى کوردستان بە بۆنەی یادی لە دایکبوونى  محەمەد پێغەمبەری ئیسلام  (درودی خوای لەسەر بێت) ئاهەنگ و بۆنە دەگێڕدرێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا