چەند زانکۆیەکى هەرێم ناویان دەچێتە رێبەرى ناوەندى وەرگرتنى قوتابیان لە زانکۆکانى عێراق

کوردستان 20/10/2020

Alternate Text

وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق ناوى شەش زانکۆى هەرێمى بۆ رێبەرى وەرگرتنى قوتابیان لە زانکۆکانى عێراق زیادکرد.

 محەممەد شاکر ئەندامى لیژنەى خوێندنى باڵا لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩دا  لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دانیان پێدانرا، ئەمڕۆ بە فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق ناوی زانکۆکانی: سۆران، کوردستان، زاخۆ، راپەڕین، هەڵەبجە و پۆلیتەکنیکی هەولێری لە رێبەری ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکانی عێراق زیادکرد.

ئاماژەى بەوەشکرد، لەمەودوا دەرچووانی ئەو زانکۆیانە دەتوانن درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دابمەزرێن.

ئەندامەکەى لیژنەى خوێندنى باڵاى پەرلەمانى عێراق ئاشکراشیکرد، بە مەبەستى دڵنیابوون لە مەرج و رێکارەکان، بەمنزیکانە شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق سەردانی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و دهۆک دەکات و دواتر بەهەمان شێوە ناویان لە رێبەری ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان بۆ زانکۆکانى عێراق زیاد دەکرێت.

ئەم بڕیارەى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق لە کاتێکدایە، پێشتر ئەو زانکۆیانە لەلایەن وەزارەتى ناوبراوەوە دانیان پێدا نەنرابوو، بەوهۆیەشەوە دەرچووانى ئەو زانکۆیانە بڕاوانامەکانیان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە باوەڕپێکراو نەبوو.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا