ئەمشەو دوایین دیبەیتی هەڵبژاردنەکان لە نێوان ترەمپ و بایدن بەڕێوەدەچێت

جیهان 22/10/2020

Alternate Text

 درەنگانێکى ئەمشەو و نزیکی کاتژمێر چوار، دوایین دیبەیتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە نێوان ترەمپ و بایدن لە زانکۆی بیلمۆنت لە شاری ناشڤیڵ لە ویلایەتی تێنەسی بەڕێوەدەچێت.
 
وا بڕیارە هەر یەک لە ترەمپ و بایدن گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانی باری خێزانی لە ئەمریکا، کۆرۆنا، دەمارگیری، گۆڕانی کەشوهەوا و پرسی ئاسایشی نیشتمانی بکەن.

 دیبەتی هەردوو کاندیدە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا  ماوەى کاتژمێر و نیوێک بخایەنێت بە شێوەیەکی یەکسان دەرفەت بدرێتە هەردووکیان و هەر یەکە و دوو خولەک قسەبکات و دواتر مایکەکەی بێدەنگبکرێت و دواتر ئەویدیکە وەڵامی بداتەوە.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت لە یەکەم دیبەیتی  ئەو دوو کاندیدەدا کە لە  مانگی ڕابردوو لە کلیڤلاند بەڕێوەچوو، دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن چەندین جار قسەیان بە یەکدی بڕی و هێرشیان کردە سەر یەکدی و چاودێرانیش بە دیبەیتێکی خراپ ناویان برد.

لە دوایین راپرسیدا سەبارەت بە بۆچوونی خەڵکی ئەمریکا سەبارەت بەو دوو بەربژێرە، دەرکەوتووە، جۆ بایدن بە شەش خاڵ لەپێش ترەمپەوەیە و 50%ـی بەشداربووانی راپرسییەکە دەنگ بە بایدن دەدەن، لە بەرامبەردا 44%ـی بەشداربووان گوتوویانە دەنگ بە ترەمپ دەدەن.

هاوکات هەر پێش ئەم دیبەیتە باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، باوەڕی بە راپرسییەکان نییە و دەبنە هۆی "تەمبەڵبوونی دەنگدەران"، داوای لە دەنگدەرانیش کرد دەنگ بدەن بە جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا