یەکێک لەو کێشانەی دایکان و باوکان دووچاری دەبنە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە لە لایەن منداڵەکانیانەوە پێش تەمەنی دیاریکراو.
ماڵپەڕی " simplemost" ئەنجامی توێژینەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تەمەنی ئاسایی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵ خستووەتە ڕوو.
زۆرجار منداڵ لە تەمەنێکی زۆر زوودا داوای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، لەم بارودۆخەدا پێویستە دایکان و باوکان بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.
بە گوێرەی توێژینەوەیەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆرینەی منداڵەکان لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە ڕێگەیان پێدراوە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبوک و ئینستاگرام و سناپ چاتییان هەبێت، توێژینەوەکە بۆ نزیکەی هەزار و ٧٨٦ خێزان ئەنجام درا کە تەمەنی منداڵەکانیان لە نێوان هەشت بۆ ١٨ ساڵدا بوو.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوت %٥٦ ی منداڵەکان هەژماری تایبەت بە خۆیان هەیە بە ئاگاداری دایک و باوکیان.
دەروونناسێکی بواری منداڵان لە زانکۆی بێرمینگهام ئەوەی ڕوونکردەوە کە تەمەنی دیاریکراو بۆ پەرەسەندی تواناکانی منداڵ تەمەنی نێوان شەش بۆ ١٢ ساڵییە.
لە توێژینەوەکەدا باس لە گرنگی ئاگاداربوونی دایکان و باوکان دەکات لە کاتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەروەها پێویستە باس لە سوود و زیانەکانی بۆ منداڵ بکرێت.