سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا لەبارەی هێرشەکەی
شاری نیسی فەرەنسا رایگەیاند، فەرەنسا کۆنترین هاوپەیمانی ئەمریکایە و بە هەموو
شێوەیەک پاڵپشتى دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دڵیان لەگەڵ
خەڵکی فەرەنسایە و پێویستە دەستبەجێ "ئەو هێرشانەی ئیسلامییە توندڕەوە تیرۆریستەکان
بوەستێندرێت".
ترەمپ لە تویتەکەیدا لەبارەی ئەو هێرشانەوە کە
خۆی بە "تیرۆریستی" ناوی دەبات، دەڵێت، نە فەرەنسا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە
ناتوانێت لەگەڵیان هەڵبکات.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت ، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەم، لە
نزیک کەنیسەی نۆتەردام لە شاری نیسی فەڕەنسا، لە هێرشێکدا بە چەقۆ ٣ کەس گیانیان
لەدەستدا و چەند بریندارێکیش هەیە.
بە گوێرەی ماڵپەڕی لافیگارۆی فەڕەنسی، لە هێرشەکەدا ٢ ئافرەت و
پیاوێک گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
دوا بە دوای ئەوەش ، ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەڕەنسا ئێوارەی ئەمڕۆ لە وتارێکیدا
باری نائاسایی تەواوەتی لە وڵاتەکەیدا راگەیاند و وتیشی "ئیسلامیە توندڕهوەکان" هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتەکەی.