کۆسرەت رەسوڵ، نەجمەدین کەریم خزمەتێكی یەكجار گەورەی بە میللەتەكەمان كردووە

کوردستان 31/10/2020

Alternate Text

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی نەجمەدین کەریم، رایگەیاند، لە ژیان و خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی خۆیدا لە كوردستان و لە دەرەوەی وڵات خزمەتێكی یەكجار گەورەی بە میللەتەكەمان كردووە.

ئەمڕۆ شەممە،٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، كۆسرەت رەسول عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵەی نەجمەدین کەریم کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 

بە خەم و پەژارەیەكی یەكجار قووڵەوە هەواڵی كۆچی دوایی (دكتۆر نەجمەدین كەریم)م زانی. دكتۆر نەجمەدین كەریم سیاسەتمەدار و دیبلۆماتكار و تێكۆشەرێكی گەورەی گەلەكەمان بوو، یەكێك بوو لە نزیكترین هاوڕێ و دۆستەكانی جەنابی مام جەلال، لە ژیان و خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی خۆیدا لە كوردستان و لە دەرەوەی وڵات خزمەتێكی یەكجار گەورەی بە میللەتەكەمان كردووە، هەمیشە خەباتی دەكرد لە پێناو میللەتەكەمان و خۆشگوزەرانی زیاتر و گەیشتن بە مافە رەواكانمان، لە سەردەمی كاركردنی وەك پارێزگاری كەركوك لە رووی خزمەتگوزاری و بەرقەراربوونی دۆخی ئەمنی و پێكەوەژیان لە شارەكە توانی خزمەتێكی یەكجار گەورە بە كەركوك و كەركوكییەكان بكات.

بە داخەوە ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد و بۆ هەتا هەتایە هەموومانی جێهێشت، خەمی كۆچی دوایی و لە دەستدانی دكتۆر نەجمەدین كەریم ئازارێكی قووڵە و هەموومان نیگەرانین، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم ئاڕاستەی خۆمان و خانەوادە تێكۆشەرەكەیان دەكەم. داواكارم خوای گەورە سەبووری هەموومان بدات و كۆچكردووش جێگای بەهەشتی بەرین بێت.

 

كۆسرەت ڕەسول عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا