لە رۆژی جیهانی قوربانییانی هاتوچۆ، هاتوچۆی سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

کوردستان 15/11/2020

لەلایەن: نەردین فاروق

Alternate Text

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە رۆژی جیهانیی قوربانییەکانی هاتوچۆدا رایگەیاند" لەخەمی ئەوەداین خەمی قوربانییەکانی روداوەکانی هاتوچۆ کەم بکەینەوە و پەیامی خۆمان بگەیەنینە شۆفێران، تا دووربکەنەوە لەو سەرپێچیانەی دەبنە هۆی کارەسات.

بە گوێرەی راگەیاندنەکەی هاتوچۆی سلێمانی، هەموو ساڵێک لە سێیەم یەکشممەی مانگی تشرینی دووەم دا یادی قوربانییەکانی روداوەکانی هاتوچۆ دەکرێتەوە لە جیهاندا و یادەکە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دیاریکراوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ساڵی رابردوودا، لە هەر ٢٤ چرکەیەکدا کەسێک بەهۆی روداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەستداوە و ساڵ بە ساڵیش رێژەکە لە زیابووندایە.
ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشکرای دەکەن، لە ساڵی ٢٠٠٨ و بۆ ٢٠١٨ دا واتە لە ١٠ ساڵدا، نزیکەی ٢٣ هەزار کەس بەهۆی روداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە و ٧٩ هەزار کەسیش بریندار بوون، لەگەڵ ئەوەشدا لەو ماوەیەدا نزیکەی یەک ملیار دۆلار زیان بەر ئابوری عێراق کەوتوە.
لە هەرێمی کوردستانیشدا، ساڵانە زیاتر لە هەزار کەس بەهۆی روداوەکانی هاتوچۆوە گیان لەدەستدەدەن و ١٠ هەزار کەسیش بریندار دەبن.
لە ساڵیادی رۆژی جیهانیی قوربانیەکانی هاتوچۆدا، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بودجەی تایبەت و ستراتیژیکی بۆ کەم کردنەوە قوربانییانی روداوی هاتوچۆ دابرێژرێت چونکە دۆخی زۆرێک لە رێگاوبانەکان خراپە، سەرباری ئەوەی هاوڵاتیان پابەندنین بە یاساکانی هاتوچۆوە، هەر بۆیە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات زیاتر پابەندی یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆبن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا