لیژنەی پەروەردەیی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، وا بڕیارە ژمارەیەک دەرچووی دیکەی پۆلی ١٢
ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەربگیرێن.
گوڵستان
باقی ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە ماڵپەڕی
پارتی راگەیاندووە، لەسەرتاسەری هەرێم ئەمساڵ ٥٦ هەزار خوێندکاری دەرچووی پۆلی ١٢
ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەرگیراون، بەڵام هێشتا زیاتر لە ٧ هەزار خوێندکاری
دەرچوو هەن کە کۆنمرەی ٩٠ یان بەدەست هێناوە و لە هیچ زانکۆ و پەیمانگایەک وەرنەگیراون.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیارە سبەینێ،
لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان و وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەر شێوازی وەرگرتنی خوێندکاران
کۆببنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، کێشەی سەرەکی
خوێندکاران وەرگرتنی خوێندکارانە بە سستمی
پارالێڵ، چونکە رێژەیەکی زۆری خوێندکاران بە پارە و بە سستمی پارالێل وەرگیراون و
ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانی خوێندکاران.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆی
٥٤ هەزار و ٢٩٦ داوای وەرگیران لە زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەمساڵ ٤٧ هەزار و ١٧٨ خوێندکار
وەرگیراون کە دەکاتە ٨٧%ی ئەو کەسانەی داوایان پێشکەشکردووە.