زانکۆی سەلاحەدین بەمەرج دەرگای بەشە ناوخۆییەکان دەکاتەوە

کوردستان 18/11/2020

Alternate Text

سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاندووە، سەرەتای مانگی 12 بەشە ناوخۆییەکانی  زانکۆکە دەکرێنەوە.

 جەوهەر فەتاح سەعید، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین  بە میدیاکانی راگەیاندووە،  "یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکانی کوڕان و بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکانی کچان کار لەسەر رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەکەن، رەنگە هەفتەیەک بۆ نۆ رۆژی پێویست بێت، بەڵام راسپێردراون بۆ تەواوکردنی ئامادەکاری تاوەکو سەرەتای مانگی 12 بەشە ناوخۆییەکان بکرێنەوە".

سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین  ئەوەشی وتووە ، "تەنیا لە ماوەی 7 تاوەکو 12ی تشرینی دووەمی 2020 بەگشتی "100 قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەرمان تووشی کۆرۆنا بوون، بۆیە لە کردنەوەی بەشی ناوخۆیی تەندروستی لەپێش هەموو شتێکەوەیە. نامانەوێت بەشە ناوخۆییەکان بکرێنەوە و پاشان بەهۆی تەشەنەکردنی کۆرۆناوە دابخرێن".


ئاماژەی بەوەشکردووە، "کردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان مەرجدار دەبن، بەشە ناوخۆیی نادرێتە هەموو کەسێک، بەڵکو ئەوانەی میوانداری و ئەوانەی ناو پارێزگان و ئەو قوتابیانەشی لە کۆلیژە ئەدەبییەکان دەخوێنن و ئۆنلاین دەیانگرێتەوە، بەشی ناوخۆییان پێنادرێت، چونکە بەپێی رێنمایی تەندروستی نابێت لە دوو کەس زیاتر لە هەر ژوورێکی بەشی ناوخۆیی بێت، بەڵام جاران ژوورێک پێنج بۆ شەش قوتابیی لێبووە".

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت رۆژی سێشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2020 زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، بە جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان، لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمەوە (مانگی 12) بەشە ناوخۆییەکان بەپێی پێویستیی کۆلێژەکان دەکرێنەوە. 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا