وەزارەتی تەندروستى: تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی پەسندکراو نیە بۆ بوونی ڤایرۆسی سارس لە سلێمانی ‏

کوردستان 20/11/2020

Alternate Text

وەزارەتی تەندروستى ڕاگەیەندراوێکی لەسەر دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسى سارس  لە سلێمانی بڵاوکردەوە وڕایگەیاندووە، هیچ سەرچاوەیەک و بەڵگەیەکی پەسندکراو نیە بۆ بوونی ئەم ڤایرۆسە لە شارەکە.

دەقی ڕاگەیەندراوی  وەزارەتی تەندروستى :

ڕاگەیاندراوێک بۆ هاوڵاتیانی خۆشەویست ...

لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە گوایە جۆرێکی ڤایرۆسی سارس SARS لە نەخۆشخانەی ئاسا لە شاری سلێمانی دەستنیشانکراوە.

بە پێویستی دەزانین بۆ بەرچاوی هاوڵاتیان ڕونبکەینەوە تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەک و بەڵگەیەکی پەسندکراو نیە بۆ بوونی ئەم ڤایرۆسە، چونکە پڕۆسەی پشکنینی تاقیگە بۆ چەندین جۆری ڤایرۆس ئەنجام دەدرێت و چەندین جۆری ڤایرۆسی سارس هەیە کە لەگەڵ جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ڤایرۆسەکانی ئەنفلەوەنزا لە هەمان خێزان ئەژمار دەکرێت.

هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە پێویست بە شڵەژان ناکات و تیمی پسپۆڕی وەزارەتمان لەگەڵ تیمەکانی تەندروستی، بەدواداچوونی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوە لەم گومانە دەکات وە تەنها وەزارەتی تەندروستی تاکە سەرچاوەی فەرمی ڕاگەیاندن دەبێت کە بە داخەوە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فەرمی دەبنە هۆکاری پشێووی هاوڵاتیان.
د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی  وەزارەتی تەندروستی
2020/11/20

هاوکات دەزگای تەندروستی ‏ وەزارەتی پێشمەرگە  لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندووە،  بابەتەکە تەنها گومانە و داواش لە ڕاگەیەندنەکان دەکات خەڵک نەترسێنن و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن.

دەقی ڕونکردنەوەیەک لە دەزگای تەندروستی پێشمەرگەوە:

بۆ هاوڵاتیان وکەناڵەکانی ڕاگەیاندن.

دەزگای تەندروستی پێشمەرگە هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە،لەدوای ئەو ڕوونکردنەوەیەی کە تاقیگەی نەخۆشخانەی ئاسا ،وەک گومانێک بۆ ئەو نەخۆشانەی کە نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان هەیە و لە پشکنینەکانی PCR دادەرناکەوێت،گومانی ئەوەدەکرا کە جۆرێکی دیکەبێت لەو ڤایرۆسە وەرزیانەی کە ساڵانە لە وەرزی سەرمادا بڵاو دەبێتەوە و لەساڵانی پێشوتریشدا هەبووە.بەڵام هەموو نیشانەکانی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەچێت.
بۆیە داوا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەین بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە هەواڵانەدا بکەن و ترس و دڵەڕاوکێ لەناو هاوڵاتیاندا بڵاو نەکەنەوە.
لەئێستادا بەدواداچوون دەکرێت ،لەلایەن وەزارەتی تەندروستی وەک لایەنی پەیوەندیدار.
دوا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەین ئەوشێوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەواڵەی ئێمەدا بە نابەرپرس ودوور لە بنەماکانی کاری ڕاگەیاندن دەبینین.
کە بەشێکێان نابەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵدا کردوە و ترس و دڵەڕاوکێی لەناو هاوڵاتیاندا بڵاوکردۆتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا