چیرۆکی دەستدرێژیکردنەسەر کچانی عەفرین لە لایەن گروپە چەکدارەکانەوە

ڕاپۆرت 24/12/2020

Alternate Text

لە راپۆرتێکیدا کەناڵی "سکای نیوز" چەندین بەڵگە لەبارەی بردن و دەستدرێژی و بازرگانیکردن بە کچانی عەفرین لە لایەن گروپە چەکدارەکانی سوریای نزیک لە تورکیا بڵاودەکاتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتەکەی "سکای نیوز"، بەشێکی زۆری ناوەند و دەزگا و خوێندنگەکانی عەفرین کراون بە بەندینخانەی نهێنی، ژمارەیەک کچی کوردی رزگاربوو ئاشکرای دەکەن، لە زیندانەکاندا دەستدرێژی سێکسیی کراوەتە سەریان.

ئاماژە بەوەشکراوە، کردەوەکانی دەستدرێژی و توندوتیژی و بازرگانیکردن بە کچانی کورد لە عەفرین بە پاڵشتی تورکیا ئەنجامدەدرێن، بەهۆیەوە رۆژانە دەیان ژن و کچی کورد دەبنە قوربانی.

هاوکات، رۆژنامەی "عەفرین پۆست" رفاندنی کچە منداڵێکی کورد بە ناوی "سەلوا ئەحمەد" لە لایەن ملیشیاکانی "سوپای نوخبە" ئاشکرا دەکات، کە دوای چەند رۆژێک لە لایەن کەسوکارەکەیەوە ئازاد کرایەوە و هەوڵی رفاندنی بۆ تورکیا پوچەڵکرایەوە، کە ئەو ملیشیایانە بە نیازبوون لە رێگەیەوە بە چەند بازرگانێکی قەتەری بفرۆشن بۆ ئەوەی وەک کۆیلە بەکار بهێندرێت و پاشان رەوانەی لیبیای بکەن.

بنگین دەروێش، ناوی خوازراوی کچە چالاکوانێکی کوردە لە عەفرین، ئەو دەڵێت، لە ناحیەی شێراوای سەر بە کانتۆنی عەفرین ژنێک هەبوو بە ناوی "هەنا"، پاش کوشتنی هاوسەرەکەی لە لایەن چەکدارانی "ملیشیا حەمزاوی" دەستگیرکرا و وەک خزمەتگوزار بەکاریان دەهێنا و دواتر کاتێک گروپەکە بۆ شەڕکردن لە بەرژەوەندی تورکیا ڕۆشتنە لیبیا, ئەو ژنەشیان لەگەڵ خۆیان برد.

وتیشی، زۆربەی کچە رفێندراوەکان لە رێگەی دەروازە سنورییە سەربازییەکانی (حوار کلس) و (حەمام) دەگوازرێنەوە تورکیا.

شێرین بلۆ، ژنە رزگاربوویەکی دەستی ملیشیاکانی "ئەحرار شام" و وتی،" چەکدارانی ئەو گروپە هاتنە سەر ماڵی خۆم و دراوسێکەم و هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکردین ئەگەر چوار ملیۆن لیرەی سورییان پێ نەدەین سەرمان دەبڕن".

ئەوەشی خستەڕوو،" وتیشیان یان سەری هاوسەرەکەت دەبڕین، یانیش بە کۆمەڵ دەستدرێژی دەکەینە سەرت ".

لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی پێشێلکارییەکانی گروپە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا لە عەفرین و سەرێکانێ و گرێسپی ئامادەکردووە.

لیژنەکە هۆشداریدا لە بەردەوامبوونی کردەوەکانی دژ بە مافی مرۆڤی وەک کوشتن، راگواستن، هەڕەشەکردن، رفاندن و ئەشکەنجەدان.

راپۆرتە نێودەوڵەتییەکە دەیان حاڵەتی دەسترێژی سێکسی بۆ سەر کچان و تەنانەت پیاوانیش لە لایەن گروپە چەکدارییە توندڕەوەکان تۆمارکردووە.

بە گوێرەی ئاماری رێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠٠ کچ و ژنی کورد لە لایەن گروپە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا رفێندراون، لە نێویشیاندا کچی منداڵ هەبووە، ٤٠٠ رفێندراویش تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا