وەزیری پێشمه‌رگه‌: لەغیابی پێشمەرگەدا تەعریب بەفراوانی سەریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌

کوردستان 04/01/2021

Alternate Text

جێگری سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دكتۆر بەشیر حەداد بە یاوەری ئەندامی لیژنەی بەرگریی و ئاسایشی پەرلەمان، ناسیح هەركی، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و پلەدارانی وەزارەته‌كه‌ کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکدا رایگەیاند "کۆبوونەوەیەکی باشمان کرد و توانیمان ئاڵوگۆڕی زۆر زانیاریی گرنگ بکەین، هاتنی ئەم شاندە سوودی زۆربوو بۆئەوەی بتوانین هەماهەنگییەکانمان زیاتربێت، بۆئەوەی بتوانین بە هەردوولامان ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە بەدەستبهێنین و لەو بوارەدا زیاتر بچینە پێشەوە و هەنگاوی جددیی بەو ئاراستەیه‌ بنێین".

لای خۆیه‌وه‌ جێگری سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بەشیر حەداد رایگەیاند "ئامانجی سەرەکی سەردانەکەمان گفتگۆکردن بوو لەسەر هەندێک بابەت کە پەیوەست بوو بە بارودۆخی ئەمنیی و سەربازیی لە ناوچە جێناکۆکەکان و سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی عێراق، هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر شایستە داراییەکان کە لەسەر حکومەتی عێراق ئەرکە بەرامبەر بە حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی پیشمەرگە، باسمان لە زیاتر هەماهەنگییکردنی لەنێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە كرد و ئێمەش چۆن رۆڵێکی نێوەندگیر بگێڕین بۆ ئەوەی متمانە پتەوتر بکەین".

بەشیر حەداد راشیگەیاندووە "لە گفتوگۆکەماندا زانیاریی باشمان وەرگرت کە دەتوانین پشتی پێببەستین کاتێک کە قسە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەین بەتایبەت لەم رۆژانەدا کە دەبینین لە ناوچە جێناکۆکەکان لە دەوروربەری کەرکوک، لە پەلکانە و سەرگەڕان و داقوق و سنووری خانەقین هەندێک کێشە روویانداوە لەسەر زەویوزار، ئەم کێشانە لە هەندێکیاندا سوپای عێراق یان پۆلیسی فیدراڵی تەداخولیان کردووە تێیدا، بەهۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگەش لەو ناوچانە کێشەکان زیاتر قوڵده‌بنه‌وه‌، هەوڵدەدەین ئەو سەنتەری هەماهەنگی و هاوکارییانەی کە بڕیاریان لێدراوە درووستبکرێت لە شارەکاندا بەپێی رێککەوتنەکە تەواو بکرێت".
دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لای حکوومەتی عێراق، وەزیری پیشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل رایگەیاند "ئێمە هەمیشە لە هەوڵداین و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی بتوانین ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە بەدەستبهێنین، راستە لە یاسای بوودجەی ٢٠١٩دا تەنانەت بڕی پارەکەش دیاریکرابوو، بەڵام زوڵمێکی گەورە لە تاک بە تاکی پێشمەرگەی کوردستان کرا و نەیدرایە، بەڵام ئێمە هەر بە چاوی گەشبینییەوە سەیری ئەم پرۆژەی بوودجەیە دەکەین کە دەچێتە پەرلەمان و بوودجەی پێشمەرگەشی تێدا دیاریکراوە و بڕەکەشی زیادکراوە، ئومێدمان وایە ئەمەش بە چارەنووسی پێشتر نەڕوات و ئەوەی کە مافی پێشمەرگەیە لەرووی دەستوورییەوە بەدەستی بهێنین، مادام پێشمەرگە بەپێی دەستووری عێراقی بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراقی، چۆن بەرگریی لە سەروەری و سنوورەکانی عێراق دەکات و هەزاران شەهیدی لەپێناو پاراستنی عێراق و رووبەرووبوونەوەی تیرۆر داوە، ئاواش مافی ئەوەی هەیە عێراق و دەسەڵاتی عێراق شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە بنێرێت بۆیە ئێمە بە چاوی گەشبینییەوە سەیری ئەو بابەتە دەکەین".

دەربارەی ئەوەی هەوڵەکانیان چی بووە بۆ گەڕانەوەی پیشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، شۆڕش ئیسماعیل رایگەیاندووە "ئێمە لەسەرەتای دەستبەکاربوونمان لە وەزارەتی پیشمەرگە چەند جارێک سەردانی بەغدامان کردووە و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانمان تاوەکو بتوانین لەگەڵ حکوومەت و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا رێککەوتن بکەین، هەنگاوی زۆر چوینەتە پێشه‌وه‌ تاوەکو ئێستا توانیومانە دوو سەنتەری سەرەکی هەماهەنگی و هاوکاریی لە بەغدا و لە هەولێر درووست بکەین کە ئەمەش بۆخۆی دەستکەوتێکە کە دەتوانرێت بەردەوام چەند ئەفسەرێکی پلە باڵای عێراق لە هەولێر لەو سەنتەرەبێت و چەند ئەفسەرێکی ئێمەش لە بەغدابن و رۆژانە ئاڵوگۆڕی زانیاریی دەکەن".
 ئەو وەزیرە وتیشی "بەڵام بۆئەوەی پێشمەرگە بچێتەوە ئەو ناوچانە بێگومان بەپێی دەستوور ئەو ناوچانە جێناکۆکە ئەبێت بەشێوەیەکی یاسایی و سیاسی چارەسەربکرێت کە ماددەی ١٤٠ نەخشەڕێگاکەی بۆ داناوە، تاوەکو پێشمه‌رگه‌ لەو ناوچانە هەبوو توانی داعش تێکبشکێنێت و ئەمن و ئاسایشی ئەو ناوچە جێناکۆکانە بپارێزێت، ئەوەتەی پێشمەرگەش لەو ناوچانە نییە دەیان کێشە سەریهه‌ڵداوه‌ و داعش دەرکەوتووەتەوە کاری خۆی دەکات، ئەگەر پێشمەرگە لەوێ بووایە ئەم كێشه‌ کۆمەڵایەتیی و سیاسییانە سەری هەڵنەدەدا و بەوشێوە فراوانە تەعریب لەو ناوچانە سەری هەڵنەدەدا، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت هۆکارەکەی غیابی پێشمەرگەیە لەو ناوچانە و یاساش پەیڕەو ناکرێت، چونکە ئەگەر یاسا و دەستوور جێبەجێ بکرایە ئەو ناوچانە بەشێکن لەوەی کە ماددەی ١٤٠ چارەسەری بۆ داناون، ئێمە چاومان لەوەیە کە رێککەوتنێکی سیاسی بکرێت و پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە کە دڵنیام سوودی بۆ خودی ناوچەکان و دانیشتوانەکانیان و حیزبە عێراقییەکان و هەموو نەتەوەکان لە کورد و عەرەب و تورکمان دەبێت".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا