یەکێتی جەخت لەسەر لامەرکەزی دەکاتەوە

کوردستان 14/02/2021

Alternate Text

ئەمڕۆ، بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆکان، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا لەبارەی چەند پرسێک.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی شوباتی ٢٠٢١، بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی یەکێتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەڕێوەچوو.

راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان:
ئەمڕۆ ١٤/٢/٢٠٢١ ئەنجومەنی سەركردایەتی بە سەرۆكایەتی هاوسەرۆكان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بەساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستپێكرد.
سەرەتا هاوسەرۆكان هەڵسەنگاندنێكی وورد و بابەتیانەیان لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابوری و هەمەلایەنەی كوردستان و عێراق پێشكەشكرد.
ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختی لەسەر هەَلوێستی نەگۆڕ و جێگیری یەكێتی كردەوە لەبارەی پرسەكانی:
١-سیستەمی ناناوەندێتی كارگێڕی و دارایی (لامەركەزی) لەچوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا.

٢- پشتیوانیكردنی تیمی دانوستاندنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی، هاوكات فراكسیۆنی یەكێتی لەپارلەمانی عێراق راسپارد كەهاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت.

٣- چاككردنی دۆخی گوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستان. لەم بارەیەوە رێككەوتن لەچوارچێوەی دەستوری عێراق بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەبودجەی 2021 دا، بەپێویست زانرا.

٤- تەئكیدكردنەوە لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی ئەركە دەستوری و نیشتمانیەكانی حكومەتی ئیتیحادی و حكومەتی هەرێم لەپاراستنی سەروەری وڵات و رێگرتن لەپێشێلكارییەكانی سنورەكان، كەپێچەوانەی یاسا نێودەۆلەتییەكان و پرەنسیپی (دراوسێیەتیی باش)ن.

٥- سەركۆنەی هەموو جۆرە گرتن و زیندانیكردنێكی لەسەر بیروڕای ئازاد و چالاكی سیاسی و مەدەنی كرد بەتایبەت لە دەڤەری بادینان، بۆیە داوای ئازادكردنی بەپەلەی سەرجەم گیراوان دەكات لە رۆژنامەنوسان، چالاكانی مەدەنی، كادرانی یەكێتی و حزبەكانی تر.
بەشێكی تری كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی تایبەت بوو بە كاروبارەكانی حزب و راپۆرتی كۆمیسیۆنەكان. لەم بارەیەشەوە راسپاردەی پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا.
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

2021/2/14

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا