وەزارەتی رۆشنبیری رایدەگەیەنێت، هەموو جۆرە چالاکی و گردبوونەوەیەک رادەگرن تا ئەو کاتەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕێنمایی تازە دەردەکات.
ئەمڕۆ سیشەممە ٣٠ی ئازار، وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە:" وەک ئاگادارن ماوەیەکە بەشێوەیەکی خێرا و بەرچاو شەپۆلێکی تری ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان بڵاوبۆتەوە، بەپێی هۆشدارییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بێت لە ماوەیەکی کەمدا لەکۆنترۆڵ دەردەچێت".
جەختیلەوەشکردووەتەوە:" لەچوارچێوەی هەڵمەتی خۆپارێزیدا، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتی و تەواوی ئۆرگانەکانی پەیوەست بە سێکتەرەکانی کاروباری وەزارەتمان ئاگادار دەکەینەوە کە هەموو جۆرە چالاکی و گردبوونەوەیەک رادەگیرێت تا ئەو کاتەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا رێنمایی تازە دەردەکات".