سەمیر هەورامی زانیاری لەبارەی پەسەندکردنی بودجە و پشکی هەرێم ئاشکرادەکات

کوردستان 03/04/2021

Alternate Text

سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی رایگەیاند،  ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا لەلایەن هەموو کوتلە سیاسیەکانەوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە.

لە دیمانەیەکی ئاژانسی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەمیر هەورامی رایگەیاند:" ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا لەلایەن هەموو کوتلە سیاسیەکانەوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و هەرێمیش بۆ ئەو مەبەستە ئامادەیە".

ئەوەشی تووە:" ڕێککەوتنەکە لەگەڵ لیژنەی دارایی و سەرجەم کوتلە سیاسیەکان ئەنجامدراوە، حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە ناردنی ٤٦٠ هەزار بەرمیل نەوت، ئەم بڕە نەوتە بڕێکی دەڕوات بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و بەشێکی دەڕوات بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نەوت، ئەوەی دەمێنێتەوە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە، قیمەتەکەی لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە وەردەگیرێت، هەروەها ٥٠٪ داهاتی نانەوتیش ڕادەستی عێراق دەکرێت، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێم ئامادەییمان دەڕبڕیووە، ئەو ٥٠٪ بەپێی یاسای ئیدارەی مالی بدەینە حکومەتی عێراق، لەبەرامبەریشدا حکومەتی عێراق تەواوی شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێم دابین بکات."

لەبارەی رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، سەمیر هەورامی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە:" ئێمە بۆیە بەهیواین ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، چونکە هەموو کوتلە سیاسیەکان بەشیعە و سونەوە ئامادەیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان نیشانداوە، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمیش بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی چەند جارێک سەردانی بەغدای کردووە و زیاتر لە دووسەد سعات لەگەڵ کوتلەو چین و توێژەکان کۆبووەتەوە، ماوەتەوە ڕێککەوتنەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەردوولا ئامادەییان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە نیشانداوە، هیچ کێشەیەکی قورس نییە، ببێتە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە."

وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە:" گرفتێک هەیە لەداننانی حکومەتی عێراق بەو گرێبەستانەی حکومەتی هەرێم ئەنجامیان داون، ڕاپۆرتە وەرزیەکانی کۆمپانیای دیلۆیتیش لەلایەن کابینەی عادل عەبدولمەهدیەوە دانی پێدانراوە، سەبارەت بە جۆری گرێبەستەکانیش، حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە پێیاندا بچێتەوە و ئەوەی لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە، هەوڵدەدرێت بەو جۆرە بێت".

لە کۆتاییدا سەمیر هەوارمی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ دەنگی ئەمریکای ئاشکراکردووە:" چاوەڕێی دەرکردنی راسپاردەن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی یاساکەی پەرلەمان، دواتر لەسەر بنەمای ئەو راسپاردانە، حکومەتی هەرێم ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، دواتر حکومەتی عێراق ئەوەی لەسەر شانییەتی وەکو خۆی جێبەجێی بکات، کە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا