لاهور شێخ جەنگی: هەڵبژاردنی مام جەلال وەک یەکەم سەرۆکی کوردی عێراق دەستکەوتێکی گرنگ بوو

کوردستان 06/04/2021

Alternate Text

لە ساڵیادی هەڵبژاردنی مام جەلال تاڵەبانی وەک یەکەم سەرۆکی کوردی عێراق، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی نیسان، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە ساڵیادی هەڵبژاردنی مام جەلال وەک یەکەم سەرۆکی کوردی عێراق رایگەیاند:" ئەمڕۆ شانزە ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلال بە سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ کە ئەو ڕووداوە وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە ژیانی سیاسیی عێراقی دوای دیکتاتۆری، بۆ گەلی کوردیش دەستکەوتێکی گرنگ بوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا کوردێکی سیاستمەدار و مامۆستا و خەباتگێڕ و دیپلۆمات و شارەزا بە هەڵبژاردنێکی ئازادانە ببێت بە سەرۆككۆماری عێراق".

وتیشی:"  مامی گەورەمان بە حیکمەت و دانایی و پشوودرێژییەکەی سەرکەوتن و دەستکەوتی زۆری پێشکەش بە گەلەکەی کرد بە کورد و عەرەبەوە، توانی ببێتە نوێنەر و پارێزەری هەموو پێکهاتەکان، چەتری کۆکەرەوەی هەموو بیروڕا جیاوازەکان، پارێزەری دەستوور بوو، هەمیشە لەگەڵ یەکڕیزیی و تەبایی و سەقامگیری و پێکەوەژیان بوو، دیموکراسی و فیدراڵی کردە ناسنامەی عێراقی نوێ، هەر بۆیە نازناوی (صمام الأمان)ـی لێنرا".

هاوسەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند:" لە ناوخۆشدا لەگەڵ یەکڕیزیی هەموو لایەنەکان بوو، دەستی هاوکاری و ئاشتی و تەبایی بۆ هەمووان ڕادەکێشا، هەمیشە کاری بۆ بەهێزبوونی پێگەی کورد دەکرد لە بەغدا، ئەو کاتەی مام سەرۆک کۆمار بوو هەرێمی کوردستان گەشانەوە و بوژانەوەیەکی گەورەی بەخۆوە بینی. ئەمڕۆش کە بە شانازییەوە یادی ئەو ڕۆژە پرشنگدارە دەکەینەوە، ئێمە لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە خوێندکاری ڕێبازە پیرۆزەکەی مامی گەورەمان بین، بیروباوەڕە نەگۆڕەکانی مام دەکەینە پلان و بەرنامە و هەنگاوەکانی کارکردنی سیاسیمان، ئێستاش لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە سیاسەت و ڕێبازەکەی سەرۆک مام جەلالە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

لە کۆتاییدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی جەختیشی کردەوە:" هانی هەموو لایەنەکان دەدەین کە کۆتایی بە ململانێ کەسی و ‌بەرژەوەندییە حزبییەکان بهێنن و پێکەوە کار بکەین بۆ چەسپاندنی مافەکانی میللەتەکەمان و ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکەین".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا