زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی وەڵامی بی ئێم سی دەداتەوە

کوردستان 06/04/2021

Alternate Text

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی بی ئێم سی لەبارەی ئەنجامدانی ئاهەنگی دەرچوون لەلایەن بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بەرێوەبەرێتی راگەیاندنی زانکۆکە دەڵێت " خوێندکاران لەدەرەوەی زانکۆکە ئاهەنگەکەیان رێکخستووە و مۆڵەتمان بەکەس نەداوە ".

ئەمڕۆ سێشەممە، ٦ی نیسانی ٢٠٢١، بەرێوەبەرێتی راگەیاندنی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی روونکردنەوەیەکی لەبارەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەرچوون لەلایەن بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆکە بڵاوەکردەوە و تێیدا هاتووە :" ئەنجومەنی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی پشتبەست بە رێنماییەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بە فەرمی مەراسیمی وێنەی دەرچوونی خوێندکارانی راگرتووە و ئەگەر خوێندکاران خۆیان لە دەرەوەی زانکۆ لە هەر شوێنێک وێنەیان گرتبێت یان ئاهەنگیان سازکردبێت، ئەوا ئەو کەس و شوێنانە بەرپرسیار دەبن نەک زانکۆ ".

دەقی روونکردنەوەی بەرێوەبەرێتی راگەیاندنی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی:

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە سایت و پەیجی کەناڵەکەتان بەناونیشانی (جیاوازی لە نێوان زانکۆ ئەهلیەکان و زانکۆ حکومییەکان) کە تێیدا هاتووە: «خوێندکارانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ئاهەنگی دەرچوونیان» ئەنجامداوە.

پێتان رادەگەیەنین کە ئەنجومەنی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی پشتبەست بە رێنماییەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بە فەرمی مەراسیمی وێنەی دەرچوونی خوێندکارانی راگرتووە و لە رۆژی (٣١/ ٣/ ٢٠٢١) لە سایتی زانکۆ بڕیارەکەی راگەیاندووە، ئەگەر خوێندکاران خۆیان لە دەرەوەی زانکۆ لە هەر شوێنێک وێنەیان گرتبێت یان ئاهەنگیان سازکردبێت، ئەوا ئەو کەس و شوێنانە بەرپرسیار دەبن نەک زانکۆ.

لە خوارەوە دەقی ئاگاداری زانکۆ سەبارەت بە وێنەی دەرچوونی خوێندکاران

پشتبەست بە (خاڵی چوارەم) لە بەیانی ژمارە (١٢)ی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی (کۆرۆنا) لە (٣٠/ ٣/ ٢٠٢١)، کە تێیدا بڕیاردراوە بە: (راگرتنی ئاهەنگ و بۆنەی کۆمەڵایەتی و ئایینی و هەر بۆنەیەکی تر تا رۆژی ( ١٠/ ٤/ ٢٠٢١)، ئەنجومەنی زانکۆ بڕیاریدا بە راگرتنی مەراسیمی وێنەی دەرچووانی خوێندکارانی زانکۆمان کە بڕیاربوو لە رۆژانی (٤ی نیسان تا ٧ی نیسان) ئەنجامبدرێت، تا کاتێکی نادیار و دەرچوونی رێنمایی نوێ لەلایەن لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی (کۆرۆنا).

 

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا