وەزیری خوێندنى باڵا: نابێت زانکۆ تایبەتەکان ببێتە شوێنى بەخشینى بڕوانامەى بێ ناوەڕۆک

کوردستان 06/04/2021

Alternate Text

ئەمڕۆ وەزیری خوێندنی باڵا چەند زانکۆیەکی تایبەتی لە شاری دهۆک بەسەر کردەوە و لەو میانەدا رایگەیاند، نابێت زانکۆ تایبەتەکان ببێتە شوێنى بەخشینى بڕوانامەى بێ ناوەڕۆک.

ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی نیسان، ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانی بەسەرکردنەوەی چەند زانکۆیەکی تایبەت بە لە شاری دهۆک رایگەیاند:" خوێندنى تایبەت و زانکۆ تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان کۆڵەکەیەکى گرنگن لەپرۆسەى پێگەیاندنى ڕۆڵەکانمان و بنیادنانى توانا مرۆیەکان، بۆ ئەمەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کابینەى نۆیەم بەگرنگیەوە لە ڕۆڵى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەڕوانێت و هاوکار و هەماهەنگیانە. هەر بۆیە جەختدەکەینەوە لەسەر پاراستن و گەشەپێدانى کوالێتى خوێندن و توێژینەوەى زانستى لەم زانکۆیانەو پاراستنى بەهاکانى خوێندن و فێربون.

راشیگەیاند:" پێویستە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ببنە سەرچاوەى پاراستنى ڕەسانایەتی و بەهاکانى پرۆسەى خوێندن لە هەرێمى کوردستان، بەشێوەیەک خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەى زانستی لەم زانکۆیانە دەبێت لەسەر بنەمای کوالێتى و بنیادنانی کارامەیى و پەرەپێدانی توانای داهێنان و کارسازى بێت بۆ دەرچوان و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندنیش ڕەنگدانەوەى پێداویستیەکان و ئامادەکردنى گەنجان و لاوان بێت بۆ بازاڕى کارى کوردستان. بۆیە لەگەڵ ئەوەى زانکۆ تایبەتەکان مافى پشتیوانیان هەیە، لە هەمان کاتیشدا پێویستە ئەرکەکانى سەرشانی خۆیان بە گیانى لێپرسراویەتیەوە جێبەجێ بکەن".
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشدا:" زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەبێت ڕەچاوى بارودۆخى دارایى و ئابورى خەڵکى هەرێمەکەمان بکەن و لەڕوى کرێى خوێندنەوە کار ئاسانى بۆ خوێندکاران و قوتابیان و خانەوادەکانیان بکەن، بۆ ئەوەى بتوانین دەرفەتى زیاتر و فراوانتر بۆ گەنجان و لاوان بڕەخسێنین و درێژە بەخوێندنى بەرایى بدەن و گرفتى دارایى نەبێتە هۆى لەدەستدانى ماف و هەلى خوێندنیان".
جەختیشیکردەوە:" زانکۆ تایبەتەکان دەبێت بەوریایى مامەڵە لەگەڵ پرۆسەى خوێندن و کوالێتیەکەى بکەن، بەجۆرێک هێندە بەهاکەى بەرز بێت کە پەرە بەکارامەییەکان بدات، و زانکۆکانتان نەبێتە شوێنى بەخشینى بڕوانامەى بێ ناوەرۆک. چونکە ئەو جۆرە بڕوانامانە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى نیشتمانى و هەڵوەرینى بەهاکان و ئایندەی وڵاتەکەمان دەخاتە مەترسییەوە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا