تورکیا هاوڵاتییەکی شاری ئورمیەی بە حەوت جار سزای هەتا هەتایی سزادا، ئەویش بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە:" هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە کە لە وڵاتی تورکیا دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەری ئەو وڵاتەوە سزای حەوت جار بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە".
ئەوەشهاتووە:" ئازاد سادقی فەڕ کە ئێستا تەمەنی ٢٢ ساڵە، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا چۆتە نێو ریزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لەو حیزبە دابڕاوە و خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کردووە و لە بڕیاری کۆتایی دادگایەکی تورکیا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان سزای حەوت جار بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپا و لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری باتمانی تورکیەدایە.