جۆرەكانی چەوری ناو خوێن چیین؟!

تەندروستی 10/02/2024

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

چەورییەكانی ناو خوێن دوو جۆرن، یەكەمیان چەوری جۆری"HDL" كە بەكۆلیسترۆڵی باش ناسراوە و جۆری دووەمیان بریتی یە لە جۆری"LDL" ئەمیش بە كۆلیسترۆڵی خراپ ناسراوە.

 چەوری جۆری"HDL" كە بەكۆلیسترۆڵی باش ناسراوە كارەكەی بریتییە لە پاراستنی بۆرییەكانی خوێن لەكەڵەكەبوون و نیشتنی چەوری زیادە، جۆری دووەمیشیان بریتییە لە جۆری"LDL" ئەمیش بە كۆلیسترۆڵی خراپ ناسراوە، چونكە لەناو شانە و ئۆرگانەكانی لەشدا دەنیشێت و زیانی گەورەی تەندروستی دەبێت.

مانەوەی كۆلیسترۆڵ لە خوێندا بە رێژەیەكی دیاریكراو گرنگە بۆ تەندروستی مرۆڤ، ئەمە لە كاتێكدایە كە لەش بە پێی پێویستی خۆی كۆلیسترۆڵ دروست دەكات، بەڵام ئەو كۆلیسترۆڵەی لە رێگەی خواردنەوە وەردەگیرێت هەندێك جار دەبێتە هۆی نیشتنی لە ناو بۆرییەكانی خوێن و لە ئەنجامدا زۆرجار نەخۆشیی دڵ، رەق بوونی خوێنبەرەكان و جەڵتەی بەدوادا دێت.

چۆنێتی ئەنجامدانی شیكاری بۆ كۆلیسترۆڵی ناو خوێن:

 سەرەتا پێویستە ئەو كەسەی پشكنینەكە ئەنجام دەدات بۆ ماوەی 9-12 كاتژمێر نان نەخوات (تەنها خواردنەوەی ئاو رێگە پێدراوە) و پاشان سەردانی تاقیگە دەكات بۆ ئەنجامدانی شیكارییەكەی.

ئەو كەسانەی كە پێویستە بە شێوەیەكی دیاری كراو و بەردەوام شیكارییەكە ئەنجام بدەن كامانەن؟!
- كەسانی جگەرەكێش.

- پیاوانی سەرو تەمەنی 45 ساڵی و ژنانی سەرو تەمەنی 55 ساڵی.

- ئەوانەی پەستانی خوێنیان بەرزە و دەرمان وەردەگرن.

- ئەوانەی لە بنەماڵەكەیاندا نەخۆشی دڵ هەیە.

 - ئەو كەسانەی توشبووی نەخۆشی شەكرەن.

ئەم شیكارییە لە منداڵ و تازەپێگەشتواندا پێویستە بكرێت، بۆیە سەرەتا لە نێوان تەمەنی 9-11 ساڵی و پاشتر لە تەمەنی 17-21 ساڵی، هەمان ئەو خاڵانەی سەرەوە گرنگە لە منداڵیشدا رەچاو بكرێت لەگەڵ كێشی زیادەی لەش.

چۆنێتی لێكدانەوەی ئەنجامی شیكارییەكان و زانینی باشی و خراپی ڕێژەكانیان:

 - ئەگەر هاتوو رێژەكەی كەمتر لە 200 بو ئەوا بە ئاسایی دادەنرێت، بەڵام لە منداڵدا كەمتر لە 170 بێت.

- ئەگەر هاتوو رێژەكەی لەنێوان  200-239 بو ئەوا بە ترسناك دادەنرێت (ناوەند)، بەڵام لە منداڵدا 170- 199 بێت.

- ئەگەر هاتوو رێژەكەی زیاتر لە 240 بو ئەوا بە ترسناك دادەنرێت (قورس)، بەڵام لە منداڵدا زیاتر لە  200 بێت.

چی وادەكات رێژەی كۆلیسترۆڵ بەرزببێتەوە؟!

 زیادی رێژەی كۆلیسترۆڵ، لەوانەیە بەهۆی نەخۆشی بۆماوەییەوە بێت یان ئەو خواردنانەی كە رێژەیەكی زۆر لە چەوری تێدایە.

چۆن دەتوانین رێژەی بەرزی كۆلیسترۆڵمان كەم بكەینەوە؟!

 یەكێك لە رێگە هەرە باشەكان بۆ كەمكردنەوەی كۆلیسترۆڵ بریتییە لە وەرزش كردن، رێگەیەكی تر بەكارهێنانی ئەو خواردنانەیە كە رێژەیەكی كەم لە چەوری تێدایە ئەمەش ئەتوانێت رێژەی 8% لە چەوری لەش كەم بكاتەوە، بەڵام هەندێكجار ئەمە بەسنیە پێویستە دەرمان بەكاربهێنرێت بۆ كەمكردنەوەی چەوری.

ڕێگرتن لە كەمبوونەوەی چەوری جۆری HDL:

 1- وەرزش كردن بەتایبەت (مەلەكردن- پاسكیل سواری- راكردن)  5 رۆژی هەفتە و ڕۆژانە نیو كاتژمێر.

2- ئەو خواردنانەی كە ڕۆنییان تێدابەكاردێت لە جۆری رۆنەكانی وەك بادەم-علی بابا- زەیتوون. 

3- پارێزكردن، كەمكردنەوەی ئەو خواردنانەی كاربۆهیدراتی تێدایە، چونكە كاتێ كاربۆهیدرات زۆر بچێتە لەشەوە چەوری سیانی دروست دەكات ئەمەش وادەكات HDL كەم ببێتەوە.

4- خواردنی چوكلێتی رەش كە هیچ شەكر و شیری تێدا نەبێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا