ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سێ ناوچەی جیاوازییان لە سنووری برادۆست و باڵەکایەتی و چۆمان بۆردومان کرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی ئەیلول، کاتژمێر ٦:٠٠ فڕۆکە جەنگییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە سێ ناوچەی جیاواز و لە یەک کاتدا بۆردومان کرد.
بۆردوومانەکان لە هەر یەک لە بەرزاییەکانی ئالانە لە باڵەکایەتی، بەربزین لە سنووری برادۆست و هەروەها گوندی دێگە و گوندی شێرکاوەیان لە سنووری ناحیەی سمیلان لە چۆمان بۆردوومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکانەوە زیانی گیانی نەبووە
بە گوێرەی زانیاریەکانی BMC، بەهۆی بۆردومانەکانەوە زیانی گیانی نەبووە و هیچ ئەندامێکی حیزبی دیموکراتی ئێران نەکوژراوە و تەنها زیانی ماددی هەبووە.
شایەنی باسە ماوەی پێنج ساڵ زیاترە ئێران بۆردومانی هاوشێوەی نەکردووە، بەڵام لە ماوەی رۆژانی رابردوودا بەرپرسە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا هەڕەشەیان لە هەرێمی کوردستان و حیزبە رۆژهەڵاتیەکان کرد.