پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، سێ کەسیان دەستگیرکردووە کە هێرشیان كردبووە سەر دوو هاوڵاتی و پارە و مۆبایلەكانیان لێبردبوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩٧ ئەیلول، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند:" دوای ئەوەی رۆژی ١٧ی ئاب ، دوو هاوڵاتی سكاڵایان لە بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ تۆمار كرد كە لەشاخی ئەزمەڕ و لەلایەن سێ تۆمەتباری نەناسراوەوە هێرشیان كراوەتە سەر و لێیان دراوە و پارە و مۆبایلەكانیان لێسەندراوە، بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی پۆلیسی ناوشار - رۆژهەڵاتی راسپارد كە هەستن بە دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتباران".
ئاماژە بەوشدراوە:" پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر توانرا هەمان شەو تۆمەتبار (ه ، ف ، ع لەدایكبووی ١٩٨١ ) دەستگیربكرێت و دوای ٢٤ کاتژمێر تۆمەتباری دووەم (ف ، س ، ت لەدایكبوی ١٩٩١) دەستگیربكرێت".
لێكۆڵینەوەكان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری سێیەم بەردەوام بوو
لەبارەی تۆمەتبارەکەی دیکە، پۆلیسی سلێمانی روونیکردەوە:" لێكۆڵینەوەكان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری سێیەم بەردەوام بوو و كە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتبوو، سەرەنجام دوای ٢٠ رۆژ توانرا تۆمەتبار ( ج ، م ، س لەدایكبوی ١٩٨٤) دەستگیربكرێت كە تۆمەتبار پێشتر سزادراوە لەسەر تاوانی دزیكردن".
لەئێستادا هەرسێ تۆمەتبار كە دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا بە بڕیاری بەڕێز دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە و دەستیش گیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیاندا .