هەڵوێستی نوێی نەوەی نوێ لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ پارتیدا

کوردستان 21/10/2021

Alternate Text

ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتی، هەرکات ئامادەسازیی پێویست و باس لە بەرژەوەندی خەڵک کرا، ئەوە نەوەی نوێ هیچ لاری نییە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتیدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢١ی تشرینی یەکەم، هیمداد شاهین، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەهەژماری خۆی ئاماژەی بەوەداوە:" سەبارەت بە دانیشتن و دانوستانی لایەنە سیاسییەکان بۆ دروستکردنی یەکڕیزی، لە چەند رۆژی رابردوودا جوڵانەوەی نەوەی نوێ پرۆژەیەکی خستەڕوو، کە تیایدا رامانگەیاندووە ئێمە هیچ پۆست و وەزارەتێکمان ناوێت و تەواوی ئەو خاڵانەی لەپرۆژەکەشدا هاتوون لەخزمەتی خەڵک و لەپێناو خەڵکدان".

داواکراوە کە شاندەکەی پارتی سەرۆکی جوڵانەوەکەمان ببینن، بەڵام ئێمە پێمانباش نەبووە

روونیشیکردووەتەوە:" لەوبارەیەوە، لەچەند رۆژی رابردوودا و سەبارەت بە سەردانی شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سلێمانی، داواکراوە کە شاندەکە سەرۆکی جوڵانەوەکەمان ببینن، بەڵام ئێمە پێمانباش نەبووە ئەو دانیشتنە لە ئێستادا بکرێت لەبەر دوو هۆکار، یەکەم، پێمانباشە دانیشتن و دانوستان لەسەر پرۆژەکەی نەوەی نوێ بێت، یاخود لەسەر هەر پرۆژەیەک بێت کە لەپێناو ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵکدا بێت، هەرکاتێک پرۆژەیەک هەبێت کە لەپێناو خەڵک بێت ئێمە عوقدە و گرێی شەخسی و کێشەی تاکە کەسیمان نییە و بە ئاسایی دەزانین لەگەڵ هەر هێز و لایەنێکدا گفتوگۆ و دانیشتن بکرێت لە پێناو مافی خەڵکدا نەک لە پێناو پۆست و بەرژەوەندی حزبی، چونکە ئێمە پێش هەڵبژاردن و لەکاتی هەڵبژاردن و ئێستاش لەدوای هەڵبژاردن وتومانە کە لەپێناوی بەرژەوەندی و مافەکانی خەڵک کار دەکەین و هەر شتێک لەپێناو خەڵک و خۆشگوزەرانی هاوڵاتییانماندا بێت ئامادەین بیکەین".

پێمان باشە ئەو وەفدانە لە سەر ئاستی خوارەوە پێشتر ئامادەسازی بکەن

هیمداد شاهین باسی لە دووەم هۆکار کردووە و وتویەتی:"دووەم، پێمان باشە ئەو وەفدانە لە سەر ئاستی خوارەوە پێشتر ئامادەسازی بکەن و وردەکاری پرۆژەکە یەکلا بکەنەوە، پاشان ئەگەر خاڵەکان یەکلا کرانەوە و نیەتێک هەبوو بۆ خزمەتی هاوڵاتییان، ئەوکات کۆبونەوەی باڵا ئەنجام بدرێت".

نەوەی نوێ لە پرۆژەکەیدا وەک زەمینەسازیی ناوخۆیی بۆ دروستکردنی یەکدەنگیی لەبەغدا، داوای چەند خاڵێکی کردبوو

ئەوەشی خستووەتەڕوو:" جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پرۆژەکەیدا وەک زەمینەسازیی ناوخۆیی بۆ دروستکردنی یەکدەنگیی لەبەغدا، داوای چەند خاڵێکی کردبوو کە تایبەتە بە غەم و پێویستی هاوڵاتییان، هەر کات ئەو ئامادەسازییانە کران و باس لە کێشە و گرفتی خەڵک و بەرژەوەندی خەڵک کرا، ئەوە نەوەی نوێ هیچ لاری نییە بۆ کۆبوونەوە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا