قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی بەریتانیا کرد

کوردستان 24/01/2022

Alternate Text

ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێشوازی لە دەیڤد هانت کونسوڵی گشتی بەڕیتانیا لە هەولێر کرد و لە میانەی کۆبوونەوەیەکیشیاندا، دوایین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراقیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی کانوونی دووەم، دەزگای فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" ئەمرۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێشوازی لە دەیڤد هانت کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر کرد و لە میانەی دیدارەکەشیاندا پرسەکانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراقیان تاوتوێ کرد".

ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتە پێسەنگی دانوستانەکانی نێوان هەرێم و عێراق

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشیخستەڕوو:" لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەیاندا، پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ کردووە و هەروەها جەختیشیان لەسەر گرنگی یەکڕیزی کورد لە بەغدا کردووەتەوە بەجۆرێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتە پێشەنگی دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا".
راشیگەیاند:" هەردوولا کۆکبوون لەسەر ئەوەی پێویستە بەگرتنەبەری رێگای دیالۆگ و هەوڵی لێکنزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان لە عێراق بدرێت، بۆ ئەوەی حکومەتی نوێی عێراق حکومەتێکی خزمەتگوزار بێت و خزمەتی هاوڵاتییانی بکات".

لە دیدارەکەدا جەخت لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەڕیتانیا کراوەتەوە

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە:" لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەڕیتانیاشەوە، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردوە و ئاماژەشیان بە گرنگی ئەو پەیوەندییە لە هەموو بوارەکاندا کردووە"  

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا