وەزیری پێشمەرگە بۆ بەرپرسی میحوەر و فەرماندەکان: پێویستە بە بەرنامە و تەکنیکی نوێی جەنگی رووبەڕووی داعش ببنەوە

کوردستان 24/01/2022

Alternate Text

وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، پێویستە بەرپرسی میحوەر و فەرماندەی لیواکانی پێشمەرگە، بە بەرنامە و تەکنیکی نوێی جەنگی رووبەڕووی داعش ببنەوە ولە تێکشکان و بنەبڕ کردنیان بەردەوام بن.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی کانوونی دووەم، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" لەمیانی دوو کۆبوونەوەی جیادا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت، ئەمینداری گشتی و سەرۆکی ئەرکان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەت، لەگەڵ فەرماندەی یەکەکانی پشتیوانی یەک و دوو، سەرجەم بەرپرسانی میحوەرەکانی هێزی پێشمەرگە و فەرماندە و جێگرانی(مقدم) لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبۆوە لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی میحوەرەکاندا، وەزیری پێشمەرگە  جەختیکردەوە، لەسەر سازو ئامادەیی بەردەوامی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەبەرامبەر مەترسیەکانی تیرۆر و تیرۆریستان".

سەنگەرەکانی پێشمەرگە تۆکمە کراونەتەوە

لە راگەیەندراوەکە ئەوەشیخستەڕوو:" بەرپرسانی میحوەرەکانی پێشمەرگە، پوختەیەکیان لەسەر دۆخی میحوەرەکان و پێداویستیە هەنووکەیەکان خستەڕوو، وەزیری پێشمەرگە و ستافی باڵای وەزارەتیان دڵنیا کردەوە، لە تۆکمەیی و توندوتۆڵی سەنگەرەکانی پێشمەرگە و سازو ئامادەیی بەردەوامیان".

پێویستە سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکبخرێنەوە

راشیگەیاند:" وەزیری پێشمەرگە بە پێشمەرگەکانی راگەیاندووە، هەنگاوەکانی رێفۆڕمی سەربازی لەوەزارەتدا، لەگەڵ هاوکاریی و هەماهەنگییەکانی هاوپەیمانان، دەخوازێت کاربکرێت بە ئاڕاستەی رێکخستنەوەی تەواوی هێزەکان، لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، هاوکات رۆڵی بەرپرسانی میحوەرەکانی هێزی پێشمەرگەی لەماوەی شەڕی داعش بەرزنرخاند و ستایشی هەوڵەکانیانی کرد، لە رێکخستنی هێزەکان رۆڵ و کاریگەری دروستیان لە هێرش و رووبەڕوبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی سەنگەرەکانی بەرگری لەخاک و نیشتمان".

لە راگەیەندراوەکە ئەوەش هاتووە:" لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە فەرماندەکانی راسپارد چاو کراوەتر، بە بەرنامەو تەکنیکی نوێی جەنگی، روبەڕووی تیرۆریستانی داعش ببنەوە، لەتێکشکان و راوەدوونیان بەردەوام بن".

وەزیری پێشمەرگە: چاوپۆشی لە هیچ کەمتەرخەمییەک ناکەین

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە:" وەزیری پێشمەرگە جەختیشیکردەوە، چاوپۆشی لەهیچ کەمتەرخەمیەک ناکەین و پرەنسیپی پاداشت و سزا پەیڕەو دەکەین".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا