وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیارێکی سەبارەت بە گۆمی فێڵاو دەرکرد

کوردستان 07/05/2022

لەلایەن: lawan

Alternate Text

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوزار رایگەیاند، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا گۆمی فێڵاو لەلایەن گەشتیارانەوە "پیسکرا و شێوێندرا" بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری چۆمان ژمارەیەک چاودێری بۆ چاودێریکردنی گۆمەکە دیاریکرد.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بەو وێنە و ڤیدۆییانەی گۆمی فێڵاو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە و تیایدا دەرکەوتبوو سروشتی گۆمەکە لەلایەن گەشتیارانەوە " شێوێندرابوو"، ئاماژەی بەوەکرد:" ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری ناوخۆ، عێراقی و بیانی سەردانی گۆمی فێڵاویان لە سنووری چۆمان کردووە و لە چەند رۆژی رابردووشدا بەهۆی پیسکردنی گۆمەکەوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نیگەرانی دروستبوو".

ژمارەیەک چاودێر بۆ گۆمی فێڵاو دادەندرێت

ئەوەشیخستەڕوو:" بە مەبەستی پاراستنی گۆمی فێڵاو لە پیسکردن و شێواندنی، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری چۆمان بڕیاریداوە ژمارەیەک چاودێر بۆ گۆمەکە دابینبکات، بۆ ئەوەی بە بەردەوامی چاودێری بکەن و رێگربن لە شێواندنی سروشتەکەی".
لەوبارەیەشەوە هەڵگورد محەمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان رایگەیاند:" ماوەی چەند رۆژێکە بە بەردەوامی تیمەکانی گەشتوگوزار پرۆسیە خاوێنکردنەوە لە گۆمی فێڵاو بەڕێوەدەبن و ئەمڕۆ بە هاوکاری کۆمپانیاکانی تایبەت بە خۆڵ و خاشاک، شەش بارهەڵگر پاشماوەی گەشتیارانیان کۆکردووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" لە ئێستادا گۆمی فێڵاو بە تەواوی خاوێنکراوەتەوە و هیچ پاشماوەیەکی لێنەماوە، داواش لە گەشتیاران دەکەین کاتێک سەردانی گۆمەکە رەچاوی پاکوخاوێنی بکەن".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا